Zana Natık Kerem
23 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند، سوپاسی ئەندامە سەربەخۆکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات کە ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی نیشانداوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە، ھەوڵەکانی بە ئامانجی رووخاندنی پیلانەکانی گەندەڵکاران لەپێناو بنیادنانی عێراق دەخاتەگەڕ.
موقتەدا سەدر لە تویتێکدا نووسیوویەتی: "لە دوای دوایین تویتەکەم، ئەندامە سەربەخۆکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵویستی خۆیان نیشانداوە لە دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار ئامادەدەبن، ئەوەش ئەوە دەردەخات کە ئەوان لەگەڵ حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانییدان".
سەرکردەی رەوتی سەدر راشیگەیاندووە کە، سوپاسی ھەڵوێستی ئەندامە سەربەخۆکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات و نووسیوویەتی: "لەنزیکترین دەرفەتدا وەڵامێکی جوانیان دەدەمەوە، بەڵام نەک لە رێگای دابەشکردنی کێکەکەوە، چونکە ئێمە و ئەوانیش بەوە رازیی نابین، بەڵکو لە رێگای ساڕێژکردنی برینەکان و ھەوڵدان بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانمان. ھیوام بە ژیانێکی درێژ نییە بەڵام ھەوڵدەدەم ئەو کاتەی کە لە ژیان ماوم ھەموو پیلانەکانی گەندەڵکاران لە بنیادنانی عێراق بڕوخێنم".
موقتەدا سەدر جەختی لەسەر ئەوەیش کردووەتەوە، پێویستە عێراق کە لەلایەن کەسانی باشەوە بەڕێوەببرێت و ئاماژەی بەوەیش داوە کە نابێت ئەو کەسانەی وڵات بەڕێوەدەبن، بۆ دەستکەوتی خۆیان کاربکەن، بەڵکو دەبێت بە جۆرێک بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی وڵات کاربکەن کە دەنگی نیشتمانی بەبێ لایەنی سوپا، ھێزە ئەمنییەکان و دادوەریی بەرزبکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە رابردوو موقتەدا سەدر لە تویتێکدا داوای لە ئەندامە سەربەخۆکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە لە دانیشتنی رۆژی شەممەی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار ئامادەبن، ئەوەش بە ئامانجی رزگارکردنی عێراق لەو رەوشە چەقبەستووییەی کە بەرەوڕووی بووەتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن عەزاری لە تویتێکدا رایگەیاندووە کە لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەندامە سەربەخۆکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق بۆیاندەرکەوتووە کە سەرجەمیان لە دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار ئامادە دەبن.