Heman Hussein Yaseen
14 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2026
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە یادی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنفال زوڵمێکی گەورە بوو لە ھەمانکاتدا وانەیەکی گرنگە بۆ نەوەکانی ئێستا و داھاتوو، ھاوکات جەختیشی لەوەکردووەتەوە: "نابێت ئەم تاوانە بەرامبەر بە گەلی کوردستان ھەرگیز دووبارەبێتەوە. ھەروەھا بە ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێڕاقیشی زانیووە کە قەرەبووی ئەم کارەساتە بکاتەوە".
لە پەیامەکەی بارزانییدا ھاتووە: "ئەنفال برینێکی قووڵە لە دڵی ھەموو خەڵکی کوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ئامانجدار لە دژی گەلی کوردستان پیادە کرا و لە ئەنجامی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەدا سەد و ھەشتا و دوو ھەزار ھاوڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی ھیچ تاوانێکیان کردبێت و تەنیا لەبەر کوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەھید کران".
لە بەشێکی پەیامەکەیدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەداوە کە: "کیمیابارانکردن، تەعریب، دەرکردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانکردنی ھەزاران گوند و ھەوڵدان بۆ تێکدانی ھەموو بنچینەکانی ژیان لە کوردستان، بەشێکی تری ئەو تاوانانە بوو کە حکوومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی کوردستان ئەنجامی داوە".
بارزانی جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئەنفال زوڵمێکی زۆر گەورە بوو لە ھەمانکاتدا وانەیەکی گرنگە بۆ نەوەکانی ئێستا و داھاتوو کە نابێت لەژێر ھیچ بارودۆخێکدا فەرامۆش بکرێت و بە پێویستیشی زانیووە کە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقیشدا ئەو دڵنیاییە ھەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرامبەر گەل ھەرگیز دووبارە نابنەوە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە: "ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بکات کە لەدژی میللەتەکەمان ئەنجام دراوە".