Hawkar Yaseen
15 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2020
هەولێر - AA
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سۆران عومەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بڵاوکردەوە کە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی ناردووە.
لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیەکەیدا سۆران عومەر نووسیویەتی "داواکارم ئەم نامەیەم وەک دەست لەکارکێشانەوە لە ئەندامێتی پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکەن لە نزیکترین کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەهۆی ئەوەی پەرلەمان ئەرکی خۆی لە یاسادانان و چاودێری حکوومەت و نوێنەرایەتی خەڵكی کوردستان بەجێ ناهێنێت".

بڕیاربوو ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان، سۆران عومەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەکەی روون بکاتەوە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ لە هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردەوە کە کۆنگرەکە بۆ کاتێکی نادیار دوادەخات و تەنها نامەی دەست لەکارکێشانەوەکە بڵاودەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەگەر دەست لەکارکێشانەوەکەی سۆران عومەر پەسەند بکرێت، بەپێی لیستی بەربژێرانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا، عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری ئێستای بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی سلێمانی شوێنی سۆران عومەر لە پەرلەمان پڕدەکاتەوە.
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی رۆژی حەوتی ئایاری رابردوو بە دەنگی ٥٧ ئەندامی پەرلەمان، پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگرت.
دواتر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواس فایەق لە ١٤ی حوزەیران بڕیاری دا هەڵگرتنی پارێزبەندەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی ١٢ی تەمووز دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر یاداشتی دەستگیرکردنی بۆ سۆران عومەر دەرکرد.
بەپێی یاداشتی دەستگیرکردنە کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر سەربە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر دەرکراوە، دەسەڵات درابوو بە گشت ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری و هێزەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی سۆران عومەر و رادەستکردنی بە بنکەی پۆلیسی خانەقا.