لە ڕێوڕەسمێکدا، ناوەندی پێدانی ڤیزەی تورکیا لە هەولێر کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کۆنسولی تورکیا لە هەولێر ئەرمان تۆپچو، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، سەرۆکی شارەوانی هەولێر کارزان عەبدولهادی، بەرپرسی کاروباری تورکیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هۆشەنگ ئەحمەد و نوێنەرانی دامەزراوەکانی چالاکی تورکیا لە هەولێر، بەشدار بوون.
کۆنسولی تورکیا لە هەولێر ئەرمان تۆپچو لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندەکەدا، کە چالاکییەکانی خۆی لەم مانگەوە دەست پێ دەکات، خۆشحاڵی خۆی بەو بۆنەیە نیشان دا.
تۆپچو ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە و پەیوەندییەکە مرۆڤدۆستانەیە و ناوەندی ڤیزەی تورکیاش لە ئاراستەی بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە، کار دەکات. گوتیشی: "ناوەندی ڤیزە و کارمەندانی لە شەو و ڕۆژدا بەردەوامن لەسەر ئەرکەکانیان بۆ دڵنیابوون لە پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییان و بۆیەش سوپاسیان دەکەم".
ئەرمان تۆپچو ئاماژەی بەوەشکرد کە بە هۆی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران، قۆناغێکی سەخت تێپەڕ دەکەن و گوتیشی: "هەولێر بە شێوەیەک کە شایستەی نەبوو، کەوتووەتە ژێر کاریگەری جەنگەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا، ناوەندی ڤیزە لەسەر ئەرکەکانی بێ پسانەوە بەردەوام بوو. جیاواز لەوەیکە لە دەرەوە چی دەقەومێت، کارمەندانی ئێمە بۆ دەرکردنی ڤیزە لە هەوڵدابوون. ئاواتەخوازین کە هیچ کێشەیەک بۆ دەرکردنی ڤیزە نەبێت و لەسەر ئەرکی خۆمان بەردەوام دەبین و ئەوەی شایستەی بێت وەک خزمەتگوزاری ئەنجامی دەدەین".
کۆنسولی گشتی تورکیا ئەرمان تۆپچو گوتیشی کە پلانیان هەیە ناوەندێکی دیکە لە زاخۆ بکەنەوە و هاوکات ناوەندی دهۆک بۆ شوێنێکی باشتر بگوازنەوە.
هاوکات وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف ڕایگەیاند: "تورکیا هەر لە کۆنەوە خزمەتی گەورەی بە هەرێمی کوردستان و بە گشتی بە عێراق کردووە. خەڵکی ئێرە بۆ کاروباری تەندروستی، پەروەردەیی و هەروەها گەشتیاری سەردانی تورکیا دەکەن. تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە و هەرێمی کوردستانیش بۆ تورکیا جێی بایەخە. تورکیا هەرچۆنێک بێت یارمەتیدەری هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەوە بۆ ئێمە و هەموو لایەک جێی شانازییە. ئەوەی ئەمڕۆ (ناوەندی وەرگرتنی ڤیزە) خزمەتێکی گەورەی کۆماری تورکیایە بۆ خەڵکی هەولێر".
هەروەها، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان گوتی: "کردنەوەی ئەم ناوەندە بۆ هەولێر زۆر گرنگە. لە ڕابردووە هاووڵاتی ئێمە بۆ چارەسەری پزیشکی، گەشتیاری و هەروەها بازرگانی سەردانی تورکیا دەکەن و پێویستیان بە ڤیزە هەیە. بە سوپاسەوە جەنابی کۆنسول، کارمەندانی ڤیزە سەنتەر هاوکار بوونە. ڕۆژانە نزیک بە ٦٠٠ کەس لێرە مامەڵە دەکەن و داوای ڤیزە دەکەن و ئومێد دەکەین کە ڕۆژێک بێ لە نێوان ئێمە-عێراق و تورکیا ڤیزە نەمێنێت بەڵام ئەوەیکە هەشە، دەروازەیەکی گرنگە بۆ ئێمە. ئێمە لە ئاستی هەموو دامەزراوەکان پەیوەندی باشمان هەیە. تورکیا ئێمەی بە دونیای دەرەوە بەستووەتەوە و ئەو ناوەندەش بەشێکەی دیکەیە لە بەرەو پێشبردنی ئەو خزمەتگوزاریە".
بەرپرسانی ناوەندی پێدانی ڤیزەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژانە هەزار و ٢٠٠ خواستی وەرگرتنی ڤیزەی تورکیایان هەیە و ئەوە هەندێکجار بۆ ڕۆژانە دووهەزار خواستیش بەرز دەبێتەوە.