Zana Natık Kerem
11 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2026
لە گەڕی دووەمی دەنگدا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نزار ئامێدی بە بەدەستھێنانی ٢٢٧ دەنگ بە سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە ھەڵبژێردرا.
ڕۆژی ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ دانیشتنی ژمارە (١٧)ی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەن، ھەیبەت حەلبووسی ئەنجامدرا.
لە دانیشتنەكەدا لە کۆی ٣٢٩ ئەندام، ٢٥٢یان ئامادەی دانیشتنەکە بوون.
لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دوو گەڕی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجامدرا کە لە گەڕی یەکەمدا ٢٥٢ ئەندام و لە گەڕی دووەمدا، ٢٤٩ ئەندامی ئەنجوومەن دەنگیان دا.
لە گەڕی یەکەمدا دوای پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نزار ئامێدی ٢٠٨ دەنگ و بەربژێری ھاوبەشی ڕەوتی ھەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی، موسەننا ئەمین ١٧ دەنگ و بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، فوئاد حوسێن ١٦ دەنگ و بەربژێری سەربەخۆ عەبدوڵڵا عەلیاوی دوو دەنگیان بەدەستھێنا، ھەروەھا نۆ دەنگی پووچەڵیش ھەبوو.
بەڵام لە گەڕی دووەمدا، ڕکابەرییەکە لەنێوان نزار ئامێدی و موسەننا ئەمیندا بوو و دوای جیاكردنەوەی دەنگەكانی گەڕی دووەم، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نزار ئامێدی ٢٢٧ و بەربژێری ھاوبەشی ڕەوتی ھەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی، موسەننا ئەمین ١٥ دەنگیان بەدەستھێنا و حەوت دەنگی پووچەڵیش ھەبوو.
بەوەیش بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نزار ئامێدی بە بەدەستھێنانی ٢٢٧ دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق بە سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە ھەڵبژێردرا.
نزار ئامێدی کێییە؟
نزار محەمەد سەعید محەمەد ناسراو بە (نزار ئامێدی) لە ساڵی ١٩٦٨ لە قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دھۆک لەدایکبووە و خێزاندارە و و خاوەنی چوار کوڕە.
نزار ئامێدی بڕوانامەی بەکالیۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیکی لە زانکۆی مووسڵ بەدەستھێناوە.
نزار ئامێدی لە بواری چالاکیی سیاسییدا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بووە و لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.
لەساڵی ٢٠٢٤ کراوە بە لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا.
لە ساڵی ١٩٩٣ تا ٢٠٠٣ لە نووسینگەی سکرتێری گشتی یەکێـتیی نیشتمانیی کوردستان کاری کردووە و لەساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٢٢ ڕاوێژکاری سەرکۆمار بووە.
نزار ئامێدی لە ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٤، وەزیری ژینگەی عیراق بووە.