Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ھەینی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو، بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئەو شوێنانەی سەر بە پارێزگای ھەولێر کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەھۆی بارانێکی زۆرەوە تووشی لافاو ھاتن و لە ئەنجامدا بەداخەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون، وێڕای کەوتنەوەی زیانێکی زۆری ماڵی.
لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی قوربانییان، جەختی لەوە کردەوە کە لایەنە پەیوەندار و دەزگا حکوومییەکان، خێرا و بە پلەی یەکەم کار بۆ رزگارکردنی گیانی ھاووڵاتییان بکەن و ھەرچی پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بە ھانای لێقەوماوانەوە بچن و ھاوکارییان بکرێت، نەخۆشخانەکانیش لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ پێشوازیکرن لە قوربانییان و چارەسەرکردنیان''.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە، پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو، دۆخی شوێنە زیانبەرکەوتووەکانی روونکردەوە و باسی لە پرۆسەی فریاکەوتن و رزگارکردن و کاری تیمە فریاگوزارییەکان کرد کە ھەر لە سەرەتای لافاوەکانەوە دەستبەکار بوون و بەھانای لێقەومانانەوە چوون، ھەروەھا دووپاتیکردەوە کە دامودەزگا و لایەنە پەیوەندارەکان لەکاردان و بەردەوام بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکان دەکەن و کاری پێویست ئەنجام دەدەن.