Heman Hussein Yaseen
07 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا وێرای دەربڕینی سەرەخۆشی و ھاوخەمی بۆ خانەوادەی قوربانییانی ھێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و ئاماژەیش بەوە دەکات کە دەستوور و یاسا مافی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بەشێوەیەکی مەدەنی و ئاشتییانە دیاریی کردووە و دەیانپارێزێت.
لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچێرڤان بارزانیی دا ھاتووە "لە نزیکەوە چاودێریی رووداو و پێشھاتەکانی بەغدا و خۆپیشاندانەکان و لێکەوتە نەخوازراوەکانی دەکەین. توندوتیژی و کەوتنەوەی قوربانی، مایەی داخ و نیگەرانییە و مەترسیی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە دەھێنێتە ئاراوە. وێڕای سەرەخۆشی و ھاوخەمی بۆ خانەوادەی قوربانییان، داوا لە ھەموو لایەک دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و کارێکی وا نەکرێت دۆخەکە بە ئاقارێکی خراپتردا بڕوات".
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئاماژەی بە رۆڵی دەستوور و مافە یاساییەکان کردووە و ھاتووە "دەستوور و یاسا مافی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بەشێوەیەکی مەدەنی و ئاشتییانە دیاریی کردووە و دەیانپارێزێت، بە ھەمان شێوە رێگەی لە ئاڵۆزی و پشێوی و توندوتیژی گرتووە. داوا دەکەین خۆپیشاندان و ناڕەزایی و مامەڵەکرنیش لەگەڵیاندا لە چوارچێوەی یاسادا بێت و ھەمووان ئارامی بپارێزن و رەچاوی بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بکەن".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان کردووە و تیایدا تیشیکی خستووەتەسەر ئەوەی کە سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان و ھەڵبژاردن، سەرکەوتنی عێراقە و ھەر تانە و سکاڵا و تێبینییەکیش لەسەر ئەنجامەکانی ھەبێت، دەبێت بە رێکارە یاسایییەکان یەکلایی بکرێنەوە و تیایدا ھاتووە "دەبێت ھەموومان لە عێراق لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیدا بین و پێکەوە، یەکڕیز و تەبا، ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکەین، رووبەڕووی مەترسییەکان بەتایبەتی تیرۆر ببینەوە، ئارامی و ژیان و گوزەران و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان ئامانجی سەرەکیی ھەمووان بێت".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ھێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.
تا ئێستا لە ژمارەی قوربانیانی رووداوەکە هیچ نازانرێت و ھیچ لایەنێکیش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە رانەگەیاندووە.