Heman Hussein Yaseen
16 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان و وەزیری بازرگانی عێراق لە شاری ھەولێر کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم و وەزیری بازرگانی عێراق، عەلا ئەحمەد جبوری لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە کە تیایدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی بازرگانی بەشداربوون و کێشە و گرفتەکانییان خستەڕوو.
دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی، کەمال موسلیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و گوتی: ''لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیارماندا لیژنەکان دروست بکرین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ھەریەک لە کێشەکانی بازرگانان، جووتیاران، فۆڕمی خۆراک و چەندان گرفتی دیکەی پەیوەست بە وەزارەتمان''.
کەمال موسلیم گوتیشی: ''ھەموو گرفتەکانی وەک، پارەی گەنمی جووتیاران، کێشەی بازرگانی، ھاتوچۆی بازرگانان و بابەتی رسووماتی کۆمپانیاکان، باسکران و تەواوی ھەوڵەکانمان بە ئاراستەی چارەسەری گرفتەکانە''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی پارەی گەنمی جووتیاران، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان گوتی: ''پارەی گەنمی ساڵی ٢٠٢٠ی جووتیارانی کوردستان ھاتووە، بۆ ساڵەکانی پێشووتریش کە نەھاتووە لەئێستادا، میکانیزمی پێویست داڕێژراوە تا چارەسەر بکرێن''.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، هەروەها وەزیری بارزگانیی عێراق، عەلا ئەحمەد جبوری گوتی: ''لە سەرەتای مانگی داھاتوودا ھەموو لیژنەکانی چارەسەری گرفتەکان دروست دەکرێن، پلانێکی ھاوبەش دڕێژراوە کە ھەموو کێشەکانی تیادا دەستنیشانکراون و بەیەکەوە قسە لەسەر ھەموو ئەو گرفتانە دەکرێت بەتایبەتی چۆنییەتی ساغکردنەوەی گەنمی جووتیاران و تۆماری کۆمپانیاکان و شێوازی مامەڵەی بازرگانی''.
وەزیری بازرگانیی عێراق باسی لەوەشکرد کە ئەو ھەماھەنگییەی ھەیە بەتایبەتی لە ھەرێمی کوردستان، ویستی چارەسەری ھەموو گرفتەکانە، ھەنگاوەکانیشی بە ئەرێنی وەسفکرد.