Hemn Baban
25 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2019
ھەولێر - AA
سهرۆكی حزبی بهیتنههرینی دیموكراتی، رۆمیۆ ههكاری رایگەیاند کە ئەوان وەک کریستییانەکان پێیان باشە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان وەربگرن بەنموونە شارەوانی و کشتوکاڵ.
رۆمیۆ ههكاری کە ھاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەیی-یە کە سێ لە کۆی پێنج کورسیی تەرخانکراوی کریستییانەکانی لە پەرلەمانی کوردستاندا ھەیە لە لێداونێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم و پشکەکانی ئەوان گوتی:
"بەداخەوە ئیمزاکردنی ئەو پڕۆتۆکۆڵەکە کە دواکەتووە ماوەیەکی زۆری برد، دەبوایە پێش پێنج مانگ یان سێ مانگ لەمەوبەر کرابا، واتە رێککەوتنی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان زووتر کرابا و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەندە دوانەکەوتبا و پێکھێنرابا بۆ ئەوەی ئیدی بکەوتبایەتە سەر کارەکانی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەوەی روویدا بینمیان بەداخەوە، رەنگە ئەگەر کۆتایی ئەم ھەفتەیە نەبێت سەرەتای ھەفتەی داھاتوو رێککەوتنێکی تری گرنگ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئیمزابکرێت کە ئەمە کۆتایی ھێنانە بەو مشتومڕ و کێشانەی لەسەر وەزارەتەکان و پۆستەکانی دیکەی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان کە ھەبوون".
رۆمیۆ ههكاری ھەروەھا گوتی: "خۆی کێشەکان لە نێوان ئەو سێ لایەنەدایە، پێکھاتەکان بەنموونە کێشەیەکی ئەوتۆی گەورەیان نییە، ئێمە وەکو کلدۆئاشوورییەکان زیاتر لە سێ مانگە وەرەقەی داواکارییەکانی خۆمان پێشکەشکردووە، ئێمە لە وەزارەت و دەستەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و راوێژکارەکانەوە باسمان کردووە، داوامانکردووە لەھەرسێ سەرۆکایەتییەکە نوێنەرمان ھەبێت و رۆڵیان بەگشتی رۆڵی باڵا بێت، بۆ حکوومەتیش باشە لە سەرۆکایەتییەکاندا نوێنەری پێکھاتەکان ھەبێت، ئەمە بۆ پێکھاتەکانیش باشە کە بتوانن خزمەتی رۆڵەکانی خۆشیان بکەن".
سەبارەت بە پشکەکانی کریستیانەکان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆمیۆ ھەکاری روونیکردەوە "دەبێت ھەندێک شت یەکلایی بکرێتەوە و بەنموونە وەزارەتێک بۆ ئێمە یەکلایی بکرێتەوە، پێشتریش باسمان لەوەکرد کە دەبێت ھەریەک لە پێکھاتەکان لە سێ سەرۆکایەتییەکەدا ھەبن، ئەوە برادەرانی تورکمان لە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان پۆستییان ھەیە، ئیدی ئێمەش جگە لە وەزارەت داوای بۆ نموونە راوێژکارێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە پلەی وەزیر بۆ کاروباری ئێمە بێت و ئەگەر لەوە کەمتر بێت شتێکی کەم دەبێت و بەدڵی ئێمە نابێت".
سەبارەت بەو وەزارەتەشی بۆ ئەوان یەکلایی بووەتەوە سهرۆكی حزبی بهیتنههرینی دیموكراتی، رۆمیۆ ههكاری گوتی: "ھێشتا ھیچ وەزارەتێک بۆ ئێمە یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئێمە داوای وەزارەتی خزمەتگوزارییمان کردووە بۆ نموونە وەزارەتی شارەوانی، کشتوکاڵ یان ھەر وەزارەتێکی دیکەی خزمەتگوزاریی".