Heman Hussein Yaseen
07 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی قۆناغی دووەمی لیژنەی باڵای بایۆمەتریی کرد.
بەپێی هەواڵێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، ئاوات جەناب ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی دەست پێ کردنەوەی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری کرا بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی بە سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیای زانیاری لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی حکوومەت و فراونکردنی پرۆگرامەکە تا بوارەکانی دیکەیش بگرێتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کردارەکی چاکسازی و بە ئەلیکترۆنی کردنی دامودەزگاکانی حکوومەت و ھێنانە کایەی شێوازێکی نوێی خزمەت و حوکمڕانیی دروست.
لە کۆبوونەوە بڕیاردراوە کە لیژنەیەک بۆ بەردەوامیدان بە پاککردنەوەی لیستی مووچەخۆران و یەکلاکردنەوەی فرەمووچەی نایاسایی پشتبەستوو بە یاسایی چاکسازی پێکبھێنرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و وەزارەتی دارایی بۆ جێبەجێکردنی بەم ئەرکە راسپێردران.
ئاماژە بەوەیش کراوە کە جێگری سەرۆکوەزیران بڕیاری دا بە رچاوکردنی رێکارە یاساییەکان دەست بە تۆمارکردنی ئەو مووچەخۆرە شایستانە بکرێت کە ھێشتا لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکراون.
ھەروەها بڕیاردراوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاسانکاری لە پرسی تۆمارکردن و دیاریکردنی فەرمانبەرانی تۆمارکردن بکات، بۆ ئەوەی تەنها ئەو مووچەخۆرانە تۆمار بکرێن کە یاسایین و تۆمارنەکراون و بڕیار لەسەر تۆمارکردنیان دەدرێت.