Rewa Mahmood Hasan
16 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2020
سلێمانی - AA
ئامادەکاریەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بەردەوامیی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە ئەم هەفتەیە، هەوڵەکان چڕبکرێنەوە و حکوومەتی نوێ لەسەر دەستی راسپێردراو محەمەد تۆفیق عەللاوی پێکبهێنرێت.
لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەهەوڵدان بۆ پێکهێنانەوەی هاوپەیمانێتیەکی نوێی کوردستانی تاکو بتوانن یەک دەنگ بن لەبەرامبەر داواکاریەکان و مەرجەکانیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتە نوێیەکە.
لەمیانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جوان ئیحسان باس لە دوایین گۆڕانکاریەکان و مەرجەکانی لایەنە کوردستانییەکان دەکات بۆ پێکهانی حکوومەتی نوێی عێراق.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی نوێی کوردستانی، جوان ئیحسان گوتی: ''هەفتەی رابردوو، لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی)دا وەک سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئێمە کۆبوونەوەمان هەبوو، بەبەشداری نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئەو حزبانەی کورسییان هەیە، هەوڵەکان بەئاراستەیەکدان کە هاوپەیمانی کوردستانی جارێکی تر بە فۆڕمێکی تر دروست بکرێتەوە، ئەم هاوپەیمانییە دەتوانێت زۆربەی ئەو پرسانەی کە دێنەپێش، بەتایبەت ئەو پرسانەی کە رەهەندی نیشتیمانیی، نەتەوەییان هەیە، بەیەک گوتار قسەی لەسەر بکەن و بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر بدەن".
لەبارەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان-ەوە بۆ پێکهێانی حکوومەتی نوێی عێراق و مەرجەکانی لایەنە کوردستانیەکان، جوان ئیحسان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان هیچ پێشمەرجێکیان نییە، تەنها ئەوەی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و تۆکمە لە رووی سەربازی و خزمەتگوزاریشەوە فەراهەم بکرێت و گوتی: ''ئێمە وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەک مەرج نیمانە، بەڵام یەکڕیزی کوردمان مەبەستە، هاوکات بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان، ئەوەی کە ماوە بیپارێزین، ئەوەشی بەدەستنەهاتووە، هەوڵی بۆ بدەین، ئەوە چوارچێوەی کاری ئێمەیە، بۆیە گرنگە بەلامانەوە، زۆربەی زۆری براکانمان کە هاوبەشن لەگەڵمان لە فراکسیۆنەکان لەنێو پرۆسە سیاسییەکەدا، پێکەوە یەکڕیز بین کە دواجار ئەم یەکڕیزیەش بە ئەرێنی دەشکێتەوە بەسەر خەڵکەکەماندا، بۆیە وەک یەکێتی هەرچۆنێک هەوڵی یەکڕیزی دەدەین، داوای هەمان شت دەکەین لە براکانمان کە وەک هاوبەش لەگەڵمانن لە پرۆسەی سیاسییدا''.
لەبارەی مەرجەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و دەستەبەرکردنی بوودجەی لەسەدا ١٧ی هەرێمی کوردستان یەکێک دەبێت لە مەرجەکانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی کابینە نوێیەکە بەسەرۆکایەتی محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: ''ئەمە لە ئامانجە دوورمەوداکانی ئێمەیە، مەبەستی سەرەکیمان لە یەکڕیزی لایەنەکان (کوردستانییەکان) ئەوەیە کاتێک پرسی بوودجە دێتەپێشەوە هەرێمەکەمان هیچ کێشەی نەبێت لە رووی ئابوورییەوە، هاوکات بەهەمان شێوە بۆ پرسی ماددەی ١٤٠یش.''
لەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی عەللاوی لە دیاریکردنی کەسانی پسپۆر دوور لە حزب بۆ پۆستە وەزارییەکان، وەک مەرجێکی خۆپیشاندەرانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، جوان ئیحسان ئاماژە بەوەدەکات کە وەزیر لە هەر حزبێک بێت، گرنگ ئەوەیە متمانە بەدەستبهێنێت لەنێو پەرلەمان و گوتی: ''بەڵام تێڕوانینی ئێمە بۆ وەزیر ئەوەیە کە نوێنەرایەتیەکی جوانی وەزارەتەکەی بکات، ئەگەر خزمەتگوزاری بێت هەوڵی زیاتر بدات بۆ خزمەتکردنی خەڵک و جەماوەر، یان ئەگەر لە وەزارەتێکی ئەمنی و سەربازیدا بێت، کەسێکی لێهاتوو بێت نەک لەسەر بنەمای حزبی دابنرێت، گرنگ ئەوەیە دەستپاک بێت، جا چی حزبی بێت یان بێلایەن گرنگ نابێت. سیاسیی بێت یان نا، هیچ خاڵێک نییە ببێتە عەیبەیەک بەسەریەوە.''