Heman Hussein Yaseen
06 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2021
ههولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئیدانەی ئەو قسانە دەکات کە ئەندامێکی رەوتی حیکمە لەبارەی پێشمەرگەوە کردبووی.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیاییدا ئاماژەی بەوەکردووە کە، لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیی کەناڵی (inews)دا، کەسێک بەناوی رەحیم عەبوودی، ئەندام لە رەوتی حیکمە، سووکایەتی بە ناوی پێشمەرگە دەکات، ئەو کەسە بەو دەربڕینە شۆڤێنییانەی دەیسەلمێنێت، کە یەکێکە لەوانەی مەبەستیان نییە عێراق ئارام بێت و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بەیەکەوە بژین و ھێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکانی عێراق پارێزگارییان لێ بکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ھاتووە:
''بە توندی ئیدانەی ئەو قسانە و تەواوی ئەو دید و بۆچوونانە دەکەین، کە لە چوارچێوەی شۆڤێنییەت و خۆفەرزکردندا دەیانەوێت رای گشتی بوروژێنن".
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ھێزی پێشمەرگە بەپێی یاسا و دەستووری عێراقی و لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی عێراقدا کار دەکات و بەردەوامیش دەبێت، ھەموو لایەکیش لەوە تێدەگەن، کە ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەبوایە، ئاسایش و ئارامیی بەشێکی زۆری ناوچەکان تا ئێستاش لە مەترسیی زیاتردا دەبوون".
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە، ئەم لێدوانە و لێدوانی ھاوشێوە بە ھیچ شێوەیەک خزمەت بە گەلی عێراق و پاراستنی یەکڕیزی ناکات، وەزارەتی پێشمەرگە بە ئەرکی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی لە دژی ناوبراو بگرێتە بەر.