Zana Natık Kerem
10 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
ئاژانسی هەواڵگریی و لێكۆڵینەوەی فیدرالی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە 14 تۆمەتبار و سێ تیرۆریستی داواكراو لە پارێزگای میسان رۆژهەڵاتی عێراق دەستگیركراون.
لە راگەیەندراوێكدا ئاژانسی ناوبراو بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی لە وەزارەتی ناوخۆ لە میانی زنجیرەیەك هەڵمەتدا، 14 تۆمەتبار و سێ تیرۆریستی داواكراویان لە ژمارەیەك ناوچەی پارێزگای میسان دەستگیركردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەو 14 تۆمەتبارە، چواریان بەپێی ماددەی (444ی دزیکردن) شەشی دیكەیان بەپێی ماددەی (28ی ماددە هۆشبەرەكان) چواری دیكەیان بەپێی ماددەی (406ی كوشتن) دەستگیركراون.
راگەیەندراوەكەی ئاژانسی هەواڵگریی و لێكۆڵینەوەی فیدرالی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەیش كردووە كە سێ تیرۆریستە دەستگیركراوەكەیش لەلایەن دادگاوە داواكرابوون.