Heman Hussein Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
لە کاتژمێر حەوتی بەیانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی کرانەوە و پرۆسەکە تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لە پارێزگای ھەولێر ٤٨٩ بنکە بۆ یەک ملیۆن و ١٥٩ ھەزار و ٧٥٠ دەنگدەر تەرخان کراوە کە تیایدا ھەزار و ١٤٥ چاودێری ناوخۆیی، چاودێری پڕۆسەکە دەکەن و ئەم پڕۆسەیەش لەلایەن ٤١٠ راگەیاندکارەوە رووماڵ دەکرێت.
ھاوکات ٢٩ رێکخراو خۆیان بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە تۆمار کردووە و، پڕۆسەکەش لە کاتژمێری حەو تی بەیانی دەست پێ دەکات و کاتژمێر شەشی ئێوارە ناوەندەکانی دەنگدان بە رووی دەنگدەران دا دادەخرێن.
یهكێك لهو بنكانه، قوتابخانهی بارزانی نهمره كه دهكهوێته سنووری بازنهی سێیی ههولێر و ئهم بنكهیه شهش وێستگهی تیادایه و زیاتر له دوو ههزار دهنگدهری ههیه و پڕۆسهكه كاتژمێر حهفتی بهیانی دهستی پێ كرد و دهنگدهران چوونه سهر سندوقی دهنگدان.
لە عێراقدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس و لە ھەرێمی کوردستانیش سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە.
بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆک-یش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن کە ٩٥٠ ئافرەت و ٧٨٩ پیاون و ژمارەکەی دیکەیش بەسەر ٢١ هاوپەیمانی و ١٠٩ پارت و قەوارەی سیاسیی دابەشبوون، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
لە کۆی ٧٥ ھەزار چاودێری ناوخۆیی و ھەزار و ٧٠٠ چاودێری نێودەوڵەتیی، ھەزار و ١٤٥یان وەک چاودێری ناوخۆییی، چاودێریی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن.
لە کۆی ٣٢٩ کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٨٣ کورسی بۆ ئافرەت تەرخان کراوە، ھەروەھا نۆ کورسی بۆ کۆتای مەسیحی، شەبەک، سابیئەی مەندائی، ئێزدی و فەیلی تەرخان کراوە.
لەم ھەڵبژاردنەدا، سێ ھەزار و ٢٤٠ کاندید کە ٩٥٠ یان ئافرەت و ٧٨٩یان سەربەخۆن، ژمارەکەی دیکەیش بەسەر ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ پارت و قەوارەی سیاسییدا دابەش بوون.