Zana Natık Kerem
20 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆز پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی-دا ھاتووە: "بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی لە ھەموو رۆڵەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان و سەرانسەری جیھان دەکەم، پیرۆزبایی لە ھەموو ئەو نەتەوانە دەکەم کە نەورۆز بەشێکە لە کولتوور و دابونەریتیان".
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی راشیگەیاندووە کە بۆ گەلی کوردستان نەورۆز جگە لە ھاتنی بەھار و نوێبوونەوەی سروشت، مانای ئازادیخوازی و ڕاپەڕین لەدژی ستەمکاریش دەدات و ھاتووە:
" کورد لە نەورۆزدا ڕاپەڕینی کردووە بۆ ئەوەی لە بندەستی ڕزگاری بێت و ئازادی بە دەست بھێنێت. ڕۆحی ڕاپەڕین و ئازادیخوازیی کورد لە دێرزەمانەوە ھەبووە و ئێستاش ھەر ھەیە و ھەتا بندەستی و ستەمکاری ھەبێت ھەر درێژەی دەبێت".
لە پەیامەکەدا ئەوەیش ھاتووە:"گەلی کوردستان بڕوای بە پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایین و بیروڕا جیاوازەکان ھەیە و لەمبارەیەوە خاوەنی فەرھەنگێکی مێژوویی و قووڵە و، بە کردەوە بنەماکانی پێکەوەژیانی پیادە کردووە و کاری پێ کردووە، لە ھەمانکاتیشدا گیانی ئازادیخوازی و پێکەوەژیانی کورد، ھەردەم لەگەڵ ئاشتیخوازیشدا ئاوێتە بووە، گەلی کوردستان دەیەوێت بە شێوازی ئاشتییانە چارەنووسی خۆی دیاری بکات و کێشەکان لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر ببن و بڕوای بە شەڕ و توندوتیژی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستەم و زۆرداری لە ھیچ لایەک قبووڵ ناکات و، کە کار گەییشتە ئەوەی زوڵم و تەعدای لێ بکرێت بەرگری لە مافەکانی دەکات".
مەسعود بارزانی راشیگەیاندووە "ئێمە ھەردەم پێمانخۆشە و دەمانەوێ گرفتەکانمان لە عێراقدا لەسەر بنچینەی شەراکەت چارەسەر بکرێن. گەلی کوردستان لەسەر بنەمای یەکێتیی ئارەزوومەندانە لە عێراقدا شەریکە و لادان لە بنەمای یەکێتیی ئارزوومەندانە و بەکارھێنانی زمانی زۆرینە و کەمینە و کولتووری خۆسەپاندن و نکۆڵیکردن، بە دڵنیاییەوە گرفتەکان چارەسەر ناکات".
لە کۆتایی پەیامەکەدا ھاتووە:"نەورۆزتان پیرۆز بێت و بمێنن بە خێر و خۆشی".