Ahmed Shingali
29 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2020
نەینەوا - AA
کارکردن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی هەر دوو گوندی کۆجۆ و سۆراخ لە سنووری قەزای شنگال بەردەوامە.
تیمی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە بە هاوکاری لایەنی پەیوەندیداری عێراقی سەرقاڵی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال-ن لە پێنجەم رۆژی کارەکانیان بەردەوامن.
لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، سیروان جەلال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بە دروستی و زانستی کار بکەین، بۆیەش پرۆسەکە بە سستی و خاوی بەرێوە دەچێت".
سیروان جەلال گوتیشی: "تا ئێستا هیچ تەرمێکیان دەرنەهێناوەتەوە و تەنها جلوبەرگەکان بە دیارکەوتن و لە چەند رۆژی داهاتوودا، دەگەن بە تەرمەکان و دەریاندەهێننەوە".
تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان رۆژانە لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە دەستبەکار دەبن و تا کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ سەرقاڵی کارەکانیان دەبن.
رۆژی شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەم، پڕۆسەی ھەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەکۆمەڵی ئافرەتانی ئێزدی لە شنگال دەستی پێکرد کە دەگوترێت ماوەی ١٧ رۆژ دەخانەنێت و پێشبینی دەکرێت لە ھەردوو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا، رووفاتی ٩٠ ئافرەتی ئێزدی تیادابێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون گومانی ئەوە هەیە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکەی گوندی سۆراخ رووفاتی ٧٥ ئافرەتی ئێزدی تیایدا بێت و گۆڕە بە کۆمەڵەکەی گوندی کۆجۆ-یش، رووفاتی ١٥ ئافرەتی کوردی ئێزدی تیایدا بێت.
ئەمە چوارەم قۆناغە کە بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سنووری شنگال ئەنجام بدرێت.
لە ساڵی رابردوودا، بە سێ قۆناغ تیمەکانی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی حکوومەتی عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ھەرێمی کوردستان، ١٧ گۆڕی بە کۆمەڵیان لە شنگال ھەڵدایە کە رووفاتی ٢٣٥ کوردی ئێزدی تیایدابوون و ناسنامەی بەشکیان ئاشکرا کراون، بەڵام تا ئێستا تەرمەکان لە پزیشکی دادوەری بەغدا دەپارێزرێن و رادەستی کەسوکارەکانیان نەکراوەنەتەوە.