Heman Hussein Yaseen
20 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2023
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) لە زانکۆی ئەمریکی لە دھۆک بەڕێوەدەچێت کە تیایدا چەندین کەسایەتی و شارەزا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە بەشدار دەبن.
لە کۆڕبەندەکە لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان-عێراق، ھەریەک لە سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، وەزیری ناوخۆ ڕێبەر ئەحمەد بەشدارن، ھاوکات لەسەر ئاستی عێراق، ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی لە عێراق قاسم ئەعرەجی و چەندین کەسایەتی دیکە بەشدارن.
ھەروەھا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ھەریەک لە، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بۆریس جۆنسن، وەزیری پێشووی گەنجینەی بەریتانیا نازم زەھاوی، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین ھێنس پلاسخارت، وەزیری پێشووتری خۆراک و کشتوکاڵی تورکیا، محەممەد مەھدی ئەکەر و چەندین کەسایەتی سیاسی، دیپلۆماسی، ئەکادیمی و پسپۆر لە بوارەکانی ئاشتی، ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشدارن و تیاییدا چەندین پانێڵی تایبەت بەدۆخی عێراق و ھەرێم و ناوچهكه، بەربەستە ئەمنییەکان و ئابووریی و سیاسییەکان، ھەروەھا بارودۆخی ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کەمکردنەوەی گرژییەکان تاوتوێ دەکرێن.
کۆڕبەندەکە ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمریکی لە دھۆک ڕێکدەخرێت و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٩ ئەم کۆڕبەندە بەڕێوەچوو. ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند لە ژێر ناونیشانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ( Middle East Peace and Security Forum) بەڕێوە دەچێت و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و ٣٠٠ کەسایەتی سیاسی و شارەزا بەشدار دەبن.