Sarmand Hameed
06 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2022
هەولێر - AA
یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، عەبدولکەریم یونس بە رووداوی ھاتوچۆ گیانی لەدەستدا.
عەبدولکەریم یونس کە بە ئەبو مریەم ئەنساری ناسراوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە رووداوێکی ھاتوچۆدا لە پارێزگای میسان باشووری عێراق گیانی لەدەستدا.
لەمبارەیەوە، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، ھادی عامری لە راگەیەندراوێکدا ھەواڵەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەبو مریەم ئەنساری لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ھادی عامری وێڕای پرسە و سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی ئەبو مریەم ئەنساری، ھاوکات ستایشی ناوبراوی کردووە لە کاری سیاسیی و ئیداریی و پەرلەمانیی.
بەپێی زانیارییەکان، لە رووداوەکەدا ئەبو مریەم ئەنساری و دوو لە پاسەوانەکانی کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵیادابوونە، گیانیان لەدەستداوە.
ئەبو مریەم ئەنساری ساڵی ١٩٥٩ لە پارێزگای بەسرە باشووری عێراق لە دایکبووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسى لە زانستی ماتماتیک و ماستەری لە زانستی سەربازییدا ھەبوو.
ناوبراو لە ژیانی سیاسییدا چەندین پۆست و بەرپرسیارییەتی وەگرتووە لەوانە ئەندامی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ماوەیەکیش وەزیری شارەوانی عێراق بووە.
ئەبو مریەم ئەنساری لە ساڵی ٢٠٠٧ بووە بە جێگری ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر.