Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
31 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2022
هەولێر AA
بەپێی سەرچاوە فەلەکییەکان سەرەتای هەفتەی داهاتوو رۆژی دووی مانگی نیسان لە هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەیەکەمین رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دیاری کراوە.
موسڵمانی هەولێر چەند رۆژێک بەر لە هاتنی رەمەزان سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ پێشوازیکردن لەو مانگە و هەریەکە و بەپێی خواست و پێداویستی خۆی کەرەستە و پێداویستییەکانیان دەکڕن بەتایبەت بابەتە خۆراکییەکان.

خورما وەک سەرەکیترین خواردنی رەمەزان زۆرترین خواستی لەسەرە، مانگی رەمەزان و خورما وەک دووانەیەکی لێک دانەبراو هەرکات ناوی یەکێکیان بێت ئەوی دیکە بەبیری خەڵکدا دێت، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە مانگی رەمەزاندا، سەدان تۆن خورمای جۆراوجۆر کە بەشی زۆریان هاووردە کراوی وڵاتانی دیکەن لە بازاڕدا ساغ دەبێتەوە و دەفرۆشرێت.

خورمافرۆش، هاوڕێ عەبدوڵڵا لە بازاڕی شێخەڵڵا لە هەولێر دەربارەی بازاڕی خورما لە رەمەزاندا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆی گوتی: "چەند رۆژێکمان ماوە بۆ رەمەزان بۆیە بابەتەکان زیادبووە، خورماش لە بازاڕدا فرۆشتنی زیاد بووە لەبەرئەوەی خواستی خەڵک لەسەری زۆر بووە، هۆکارەکەش ئەوەیە خورما خۆراکێکی سروشتییە و خەڵکێکی یەکجار زۆر لە رەمەزاندا بەڕۆژوو دەبێت و خورماش هەم بۆ رۆژوو شکاندن دەکڕدرێت هەم بۆ خێر و خێرات خەڵک دەیکڕێت و بۆ مزگەوتەکان دەبرێت".
گوتیشی: "لە مانگەکانی دیکە خورما فرۆشی زۆر نییە، بەڵام لە رەمەزاندا خواست لەسەری زۆر زیاد دەکات، ئەم چەند رۆژە بازاڕمان زۆر زیادی کردووە و دۆخی کارو بازاڕمان زۆر باشە".
هاوڕێ عەبدوڵڵا دەربارەی ئامادەکارییەکانی فرۆشیاران بۆ پێشوازیکردن لە رەمەزان گوتی: "ئێمە وەک فرۆشیار خۆمان ئامادەکردووە و چەندین جۆر خورمامان هەیە لە بازاڕدا ١٠-١٥ جۆر خورما هەیە، بەڵام چەند بابەتێک هەیە هەرزانە و بازاڕیان خێرایە بەتایبەت خورمای ئێرانی کە نرخەکانیان لەگەڵ ئاستی بژێوی خەڵک دەگونجێت".
دەربارەی جۆرەکانی خورماش گوتی: "لە دوکانەکەی ئێمە ئێستا نزیکی ١٥ جۆر خورما هەیە، خورما لە سعوودیە، ئێران و فەڵەستین دێت و خورمای ناوخۆی عێراقیش هەیە، بەرهەمی هەندێک وڵاتی دیکەش هەن، بەڵام کوالێتی خورمای ئەو چوار وڵاتە باشترینن".
بۆ موسڵمانان شەوانی رەمەزان کاتی کۆبوونەوە خێزانییەکان و چێژ و خۆشییە، دانیشتن و کۆبوونەوە خێزانییەکانیش بەبێ شەوچەرە نابێت، بۆیە چەرەسات خوارندێکی سەرەکی شەوانی رەمەزانە و خواستێکی زۆریان لەسەرە.

چەرەزاتفرۆش، ئەرکان عەلی لە بازاڕی شاری هەولێر دەربارەی بازاڕی چەرەسات لە رەمەزاندا گوتی: "ئەم ئیشەی ئێمە لە رەمەزاندا لە هەموو مانگەکانی دیکە زیاتر خواستی لەسەرە، لەبەر ئەوەی عادەت وایە خەڵک لە رەمەزاندا لە هەندێک شتی دیکە دوور دەکەوێتەوە و زیاتر چەرەسات دەخۆن بەتایبەت شەوان درێژە و خەڵک کاتی لەگەڵ بەسەر دەبەن، لەدوای ١٥ی رەمەزانیشەوە ئیشمان باشتر دەبێت، چونکە خەڵک خۆی بۆ جەژن ئامادە دەکات".
دەربارەی ئەو جۆرە چەرەزاتەی لە رەمەزاندا خواستی لەسەرە ئەرکان عەلی گوتی: "لەڕووی جۆرەکانەوە رەمەزان زیاتر تێکەڵەکان خواستی لەسەرە هەرچەندە بابەتەکانی دیکەش وەک فستق، گازۆ و باوی زۆر سەرف دەبن".
چەرەزاتفرۆش، ئەرکان عەلی گوتیشی: "بەهۆی دۆخی دارایی خەڵک لەم رەمەزانەدا، کەمێک بازاڕ لەگەڵ ساڵانی رابردوو جیاوازی هەیە، بەڵام هێشتا هەر لە رۆژانی ئاسایی باشترە، لەڕووی نرخیشەوە بەپێی بابەتەکان نرخەکان دیاری دەکرێن، هەندێک بابەت کە خواستی زۆر لەسەرە نرخیان زیادی کردووە و هەندێکیشیان نرخیان جێگیرە و وەک خۆیەتی".
لە کوردەواریدا سفرە و خوانی بۆنەکان بەبێ گۆشت نابێت، رەمەزانیش بۆ موسڵمانان گەورەترین بۆنەیە بۆیە بەپێی توانا هەر ماڵێکی موسڵمان هەوڵ دەدات چەند ئێوارە خوانێکی رەمەزان گۆشت لەسەر خوانەکەیان هەبێت.

گۆشتفرۆش، سەرهەنگ غەفوور لە بازاڕی هەولێر دەربارەی بازاڕی گۆشتفرۆشی لە رەمەزاندا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "خەڵک پێش رەمەزان عادەت وایە خۆی ئامادە دەکات و کڕینی بابەتە خۆراکییەکانی زۆرە بۆ نموونە گۆشت. خەڵک پێش رەمەزان گۆشت زۆر دەکڕن و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ مانگی رەمەزان".
گوتیشی: "ئەمساڵ بازاڕمان کزە بەهۆی دۆخی دارایی خەڵک، بەگوێرەی دابەشکردنی مووچە دۆخەکە دەگۆڕێت کاتێک خەڵک پارەی لە گیرفاندابوو بازاڕیش خۆش دەبێت".
دەربارەی ئەوەی بەهۆی رەمەزانەوە نرخی گۆشت گران بووە یان نرخ جێگیرە، گۆشتفرۆش، سەرهەنگ غەفوور گوتی: "نرخی گۆشت هیچ زیادی نەکردووە هەر وەک خۆیەتی وەک پێش رەمەزان، ئەگەر بەرزبوونەوەیەکیش هەبێت لە بازاڕ نییە لە مەیدانی ئاژەڵان نرخی ئاژەڵ بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا ئەوەش نەبووە و نرخ جێگیرە".