دهۆك - رهوان نهێلى
دەرهێنەری كورد شەوكەت ئەمین كوركی لە دیدارێكی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ ئاماژە بەوە دا كە نێچیرڤان بارزانی حەزی لە هونەری سینەمایە و پاڵپشتی كاری سینەمایی دەكات و گوتی: "دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی فیلمەكەی بینی، بە منی گوت پەیامتان گەیشت و دەزانم ئێوەی سینەماكار كێشەتان زورە".
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك لە 9/9/2015 تاوەكو 16/9/ لە دهۆك بەردەوام بوو، لە فێستیڤاڵەکەدا 137 فیلم بەشدار بوون، 44 فیلمی كوردی و 93 فیلمی بیانی.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" لە رۆژانی فێستیڤاڵدا پێنج جار لە هۆڵەكانی كۆنفرانسی دهۆك و سینەماكانی مازی پلاس مۆڵ نمایش كرا كە پڕبینەرترین فیلم بوو، لەبەر ئەوەی 24 ساعات پێش دەستپێكردنی، بلیتی كڕینی فیلم تەواو دەبوون، بۆیە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە بڕیاریان دا كە لە رۆژانی جەژنی قوربان، لە هۆڵەكانی مازی پلاس مۆڵ نمایش بكرێتەوە. شەوكەت ئەمین دڵخۆشی خۆی نیشان دا و گوتی: "پێشوازییەكی باش لەلایەن بینەرانەوە لە فیلمەكە كرا و پڕبینەرترین فیلم بوو، بلیتی فیلم دەستنەدەكەوت كە ئەم شتەش منی دڵخۆش كرد بۆیە بڕیارمان داوە لە هەولێر و سلێمانیش فیلمەكە نمایش بكرێت".
شەوكەت ئەمین باسی لەوە كرد كە پێویستە بواری سینەما لە كوردستان زیاتر گرنگی پێ بدرێت و بە سیستەم بكرێت و گوتی: "كێشەی ئێمە پیشەسازی سینەمامان نەبووە، تەنها هەوڵی هەندێك دەرهێنەر هەبووە بۆ دروستكردنی فیلم بەڵام دەبینین وردە وردە پێشڤەچوونێكی باش بەدی دەكرێت، ئێستا سینەماكارانی كورد نە بەس لە باشووری كوردستان، بەڵكو لە هەموو پارچەكانی تر هەوڵ دەدەن فیلمی باش دروست بكەن و لە کۆڕی نێودەوڵەتی بەشدار دەبن و سەرنجی گەلێك سینەماكارانی جیهان رادەكێشن".
فیلمی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" تەنها فیلمە لە عێراق كە پاڵێوراوە بۆ پێشبڕكێکانی خەڵاتی ئوسكار بۆ ساڵی 2016، كە سیناریۆكەی بە هاوبەشی شەوكەت ئەمین و مەممەد ئەكتاش نووسراوە، لەم بارەیەوە شەوكەت ئەمین زیاتر گوتی: "لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتی ئوسكار بەشێك هەیە بۆ فیلمی بیانی، فیلمەكەی ئێمەش بەناوی عێراقەوە پاڵێوراوە و ئومێدەوارین خەڵاتێك بەدەست بێنین".
"بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" لە ساڵی 2014 لەلایەن هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای میتوس فیلمی ئەڵمانی بەرهەم هاتووە كە لە ئامادەكردنی ئەم فیلمەدا چەندین كۆمپانیا و دەزگەی حكوومی و رێكخراو و ناوەندی هونەری كوردی و نێودەوڵەتی هاوكاریان كردووە، فیلمەكە تاوەكو ئێستا بەشداری لە زیاتر لە 40 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا كردووە و 15 خەڵاتی وەرگرتووە و پاڵێوراویشە بۆ خەڵاتەكانی ئاسپا پەسیفیك APSA كە ناسراوە بە ئوسكاری ئاسیا.
شەوكەت ئەمین لە ساڵی 1973 لە زاخۆ لە دایك بووە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا ئاوارەی ئێران بووە، لە ئێران پەیمانگەی سینەمایی خوێندووە، ساڵی 1999 گەڕاوەتەوە كوردستان، تاوەكو ئێستا شەش كورتە فیلم و سێ فیلمی سینەمایی هەیە بەناوی "دەربازبوون ژ غوبارێ" لە ساڵی 2006 بەرهەم هێناوە كە بەشداری لە 60 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كردبوو و 14 خەڵات بۆ كوردستان وەرگرتووە، فیلمی دووەمیش بەناوی "جهەك بۆ یاریێ" بووە كە بەشدار بووە لە 50 فێستیڤاڵی نێودەولەتی كە 13 خەڵاتی بەدەست هێناوە، فیلمی سێیەمیش "بیرەوەریەكانی سەر بەرد" بووە.
شەوكەت ئەمین ئێستا خەریكی نووسینی سیناریۆیەكە و هیواخوازە لە چەند مانگی داهاتوودا ئیشەكانی کۆتا بێت و ساڵی داهاتوو ئیشی وێنەگرتنی تەواو بكات.