Hemn Baban
22 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2016
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رایدەگەیەنێت ئەو قەیرانە داراییەی هەرێم گیرۆدەی بووە كاریگەریی لەسەر میدیا داناوە، بەپێی لێدوانی سكرتێری ئەو سەندیكایە هەندرێن ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، لە 850 ناونیشانی بڵاوكراوە تەنها 67یان ماون و چەندین رۆژنامەنووس نێردراونەتە ماڵەوە، لەوبارەیەوە گوتی: "نزیكەی 160 بۆ 170 كەناڵی لۆكاڵی لە هەرێمی كوردستان و 27 كەناڵی ئاسمانی هەن".
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان پێشنیازی بۆ حكوومەت كردووە لەپێناو تێپەڕاندنی قۆناغەكە هاوکاری دارایی بۆ دەزگاكانی میدیا ببڕێتەوە.
سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هەندرێن ئەحمەد لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی لەسەر رەوشی میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان روون دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت ژمارەیەكی زۆر بڵاوكراوە راگیراون و چەندین رۆژنامەنووسیش نێردراونەتەوە ماڵەوە.
هەندرێن ئەحمەد لەوبارەیەوە رایگەیاند: "بەڕاستی ئەو قەیرانەی هەیە زۆر گەورەیە، هەموو هەرێمی كوردستان و توێژەكانی گرتووەتەوە بەدەزگاكانی میدیاشەوە، ئێمە لە 850 ناونیشانی گوڤار و رۆژنامە و بڵاوكراوە نزیكەی 67 ناونیشانیان ئێستا لەكاری خۆیان بەردەوامن، دوایین جاریش رۆژنامەی هاووڵاتی ئێستا بەدوای كۆمەك و پیتاك دەگەڕێت، سەندیكای رۆژنامەونووسان بەدوای ئەو ئامارانەوەیە كە قەیرانی دارایی بووەتە هۆكار لەسەر میدیا، بەشێك لە رادیۆ و تیڤییە لۆكاڵییەكانیش لە كێشەدان، پێم وایە كەناڵەكانی ئاسمانیش دەستیان بە بەڕێكردنەوەی رۆژنامەنووسان بۆ ماڵەوە كردووە، ژمارەكەش زۆرە".
ئەو گوتیشی سەندیكای رۆژنامەنووسان پێشنیازی بۆ حكوومەتی هەرێم كردووە كار بۆ ئەوە بكات هاوکاری دارایی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ببڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە تێپەڕێنن، لەو رووەوە ئاشكرای كرد کە "لە چەند رۆژی رابردوودا سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كە دەریكردووە داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكات بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە سەختەی ئێستا تێپەڕێنن مینحەیەك بۆ هەموو كەناڵەكان ببڕێتەوە بۆ ئەوەی لە قۆناغەكە دەربازیان بكات، چونكە رۆژنامەنووس و دەزگاكانی میدیا ئەركێكی قورسیان لەسەرە".
ناوبراو درێژەی دایە و گوتی: "گرنگە هیچ دەزگایەكی میدیایی لەبەر مەسەلەی دارایی دانەخرێت. هێشتا لە كوردستان نە رۆژنامەگەری و میدیا بوون بە پیشەیی و نە رۆژنامەنووسیش وەكو پیشە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. زۆرینەی دەزگاكانی میدیا سەرچاوەی داراییان دیار نییە. بۆیە كە تووشی قەیرانیش دەبن خەڵك بڕوایان پێ ناكات كە بە بۆچوونی ئێمە دەبێت ئەوە بە یاسا چارەسەر بكرێت".
سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هێمای بۆ ئەوە كرد كە پێویستە رۆژنامەنووسان بۆ گەرەنتی كردنی مافەكانیان پشت بە بوونی گرێبەست لەگەڵ دەزگاكاندا ببەستن و لەوبارەیەوە دەڵێت: "سەندیكا داوا لە رۆژنامەنووسان دەكات لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن گرێبەست بكەن كە لەلایەن سەندیكاوە پشتیوانی بكرێت بۆ ئەوەی لە كاتی وا و لەكاتی كێشەدا پاڵپشتی بكرێت و بەرگریی لێ بكرێت، بەڵام ئەمە كەمتر رەچاو دەكرێت و زۆر جار نەبوونی گرێبەست لەنێوان رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن هەردوو لا زەرەر دەكەن، سەندیكا داوا دەكات كە رۆژنامەنووسان گرێبەستیان هەبێت".
ئەو باسی لەوەشكرد كە سەندیكا هیچ ئامارێكیان لەبارەی ئەو رۆژنامەنووسانەوەی كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بێ كار بوون لەبەردەست نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: "ئامارێكی وردمان لەبەردەستدا نییە، چونكە دەزگاكان لەماوەیەك بۆ ماوەیەكی تر گۆڕانكاریی لە ژمارەی كارمەندەكانیان روودەدات بەڵام ئەو ناردنەوە بۆ ماڵەوەی رۆژنامەنووسان هەموو دەزگاكانی گرتووەتەوە".
لە كۆتایی قسەكانیدا هەندرێن ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماری دەزگاكانی راگەیاندنی خستەڕوو و ئاشكرای كرد: "لە هەرێمی كوردستاندا 850 ناونیشانی بڵاوكراوەی نووسین هەیە كە نزیكەی 67یان ماون، 133 رادیۆی لۆكاڵی و ئاسمانی هەیە، 27 كەناڵی ئاسمانی هەن بەڵام كەناڵی لۆكاڵی زۆرن و لە گۆڕانكاریدان. لە پارێزگای هەولێر 81 لە لۆكاڵی پەخش دەكرێن كە نزیكەی 56 یان كەناڵی جیاوازن لەوانەی كەناڵی ئاسمانین و بۆ ناوخۆیش پەخش دەكرێن، لە پارێزگای سلێمانی 52 كەناڵی لۆكاڵی هەن، لە دهۆكیش ژمارەیەكی لەو دەوروبەرە هەیە، واتە كۆی گشتیی نزیكەی 160 هەتا 170 كەناڵی لۆكاڵی تیڤی هەیە".