Ulaş Güven
08 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2023
هەکاری - AA
ئوغور چاپا کە خەڵکی پارێزگای هەکاریە، کاتێک لە ئیستانبوڵ خوێندکاری زانکۆ بووە، ئالۆنا پۆپۆڤای رووسی ناسیوە و دوای بڕیاردانی هاوسەرگیریی لە قەزای یوکسەکۆڤا ئاهەنگێکی نەریتی ناوخۆییان بۆ سازکراو پێکەوە هاوسەرگیرییان کرد.
چاپای ٣٢ ساڵ و پۆپۆڤای ٢٦ ساڵ کە لە زانکۆی ئایدن لە ئیستانبوڵ ئاشنای یەکتر بوون، دوای پێنج ساڵ لە هاووڕێیەتی بڕیاری هاوسەرگیریان داوە.
چاپا و پۆپۆڤا دوای ئەوەی دەچنەوە بۆ یوکسەکۆڤا ئاهەنگێکی نەریتیی هاوسەرگیریان بۆ سازکرا و گەیشتن بە ئاواتی خۆیان و بوونە هاوسەرێکی دڵخۆش.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، چاپا باسی لەوە کرد کاتێک لە ساڵی ٢٠١٨دا لە چوارچێوەی بەرنامەی ئیراسموس خوێندوویەتی، پۆپۆڤا هاتووەتە زانکۆکەیان و یەکتریان ناسیوە.
گوتیشی: "دوای ئاهەنگی هاوسەرگیری لە یوکسەکۆڤا درێژەی بە ژیان دەدەین. دەمەوێت کلتووری خێزانەکەم بناسێت. ساڵانێکە لە ئیستانبوڵ کار دەکەم، ئیدی لێرە درێژەی پێ دەدەم. پسپۆڕی چاندنی قژم. هاوسەرەکەشم کارمەندی چاودێری تەندروستییە، هەمان کار دەکەین".
پۆپۆڤای رووسی، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا یەکتریان زۆر خۆش دەوێت و، گوتی: "یوکسەکۆڤام زۆر بەلاوە خۆشە، خەڵکەکەی زۆر پاکن، زۆر بەڕێزن. ژیان لێرە زۆر خۆشە. لێرە دەژین و بۆ گەشت دەچینە دەرەوەی وڵات. چووم بۆ چین و کۆریا. بە وڵاتانی جیاوازدا گەڕاوم و کەسی وەک ئێرەم نەدیوە. زۆر تەبان و پەیوەندی کۆمەڵایەتییان زۆر بەهێزە. فێری شایی و هەڵپەڕکێی ئێرە بووم".