شێخان
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە شێخان و پەرستگەی لالش رەوشی پەنابەران و ئامادەکاریان بۆ زستان دەخاتەڕوو.
دوای ھێرشکردنی چەکدارنی داعش لە مانگی ئابی ئەمساڵ سەدان خێزانی ئێزیدی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان و تورکیا بوون. لە ھەرێمی کوردستان ئەو ئاوارانە زۆربەیان لە پارێزگای دھۆک ماون. لە پەرستگای لالشی سەر بە شێخان ٦٠٠ خێزانی شەنگالی روو لە بناری چیای لالش دەکەن و لەوێ نشتەجێ دەبن بەڵام بەھۆی ھاتنی وەرزی زستان و شاخاوی بوونی ئەو ناوچەیە زیاتر لە ٣٠٠ خێزان لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری زستانە چیای لالشیان بەجێ ھێشتووە و بەرەو گوندەکان و دەوروبەری شارەکان رۆشتوون.
ئێستا نزیکەی ٣٠٠ خێزان لە چیاکانی لالش و پەرستگەکەن و باردۆخی ئەو پەنابەرانە بە ھۆی ھاتنی وەرزی زستان خراپە و خۆیان ئامادەکاری ئەو وەرزە دەکەن.
بابی چاوش بەرپرسی پەرستگەی لالش لەبارەی ئاوارەکانی ئێزیدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رەوشی پەنابەران باش نییە ھەموو ئەو کەسانەی ھاتوون ھێچ شتێکیان لەگەڵ خۆیان نەھێناوە و بۆ ھاتنی زستان جلوبەرگی گەرم و سۆبە و غازیان پێویستە تا بتوانن خێمەکانیان گەرم بکەن دیارە حکوومەتی ھەرێم و رێکخراوەکان بەھەموو توانایانەوە کار دەکەن لەسەر پێداویستییەکانی پەنابەران."
ھەروەھا چاوش گوتی: "ئەگەر پێشمەرگە و لایەنەکان بتوانن بەعشیک و بەرزانیی ئێزیدییەکان تا ھاتنی وەرزی زستان لەدەست داعش رزگار بکەن زۆر باشتر دەبێ و خەڵکی ئێمە زیاتر روو لەو ناوچەیە دەکەن."
بابی چاوش لەبارەی دیلەکانیان لە دەست داعش گوتی: "هەتا بارۆدوخەکە ئارام نەبێ ئێمە نازانین ژمارەی دیلەکان و کوژراوەکانی ئێزدی چەندە، زۆر کەسمان دیار نین و نازانین زیندوون یا مردوون."
دایکی ھارون خەڵکی شەنگالە لەکاتی ھەڵاتن مێردەکەی لەدەست داوە و نەھامەتی زۆری لە رێی شەنگال و ھەرێم کێشاوە، بۆ ئانادۆڵو باس لە ئامادەکاری خۆیان بۆ زستان دەکا و دەڵێت: "ھەر ساڵ لە گوندی خۆمان تا ئەم کاتە ئێمە سێ بەرمیل غازمان دەکڕی و لە ھەر ژوورێکمان سۆبەیەکمان دادەنا و لە دەوری سۆبەکانمان بە رایەخی زستانە دەخەمڵاند بەڵام ئێستا ئێمە پەنابەرین و لەکاتی ھەڵاتن ھیچ شتێکمان نەھێناوە بەجۆرێ ناسنامەکانیشمان لە ماڵەوە بەجێ ماون ئێمە لێرە لە رەوشێکی خراپدا دەژین."
ئەو دایکە لە کاتی دروستکردنی تەنوورێک دەیگوت: "ئێمە دەچین بۆ چیاکانی لالش و دار کۆ دەکەینەوە و لە سە ئەو تەنوورە ئاگر دەکەینەوە هەتا بتوانین خواردنێکی گەرم دروست بکەین و ھەروەھا خێمەکانیشی پێ گەرم بکەین بەڵام لە ھەمان کاتدا زۆر ترسمان لەوەیە کە خێمەمان گڕی پێ بکەوێ و منداڵمان بسووتێن. تا ئێستا سۆبە و سووتەمەنی زستانە بە ئێمە نەدراوە ئێرە بناری چیایە زۆر ساردە داوا دەکەین بەھانامانەوە بێن."
پەرستگەی لالش لە ٥٢ کیلۆمەتری باشووری رۆژھەڵاتی دھۆکە و تاکە پەرستگەی پەیڕەوانی ئێزیدییە، کە بە ھەزاران خێزان و بنەماڵەی ئێزیدی لە عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە رووی تێ دەکەن، ھەموو ساڵێک لە ٢٣ی ئەیلوولەوە تا یەکی تشرینی یەکەم بەپێی ساڵنامەی رۆژھەڵاتیی پشتپێبەستراو لای ئێزیدییەکان، لەو پەرستگەیە حەج دەکەن و ھەر ئێزدییەک ئەرکە لە ژیانیدا جارێک حەج بکات.