Heman Hussein Yaseen
14 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2021
ھەولێر-AA
لە رۆژی ١٤ی شوباتی ھەموو ساڵێک لە سەرانسەری جیھاندا، خۆشەویستان رۆژێکی تایبەت بەسەر دەبەن، جەژن دەگێڕن، نامەی خۆشەویستی دەگۆڕنەوە و کاتێکی پڕ لە خۆشی بەسەردەبەن.
لەم رۆژەدا لە ھەرێمی کوردستان، خۆشەویستان روو لە فرۆشگاکانی گوڵفرۆشی دەکەن بۆئەوەی گوڵی سوور پێشکەش بەیەکتر بکەن.
لەمبارەیەوە خاوەن فرۆشگای ئه‌مستردام بۆ گوڵی سروشتی لە شاری هەولێر، ده‌شتی حه‌مه‌ده‌مین ئاماژە بەوە دەکات کە چەند رۆژێک بەرلە رۆژی ١٤ی شوبات خەڵک سەردانی فرۆشگاکەیان دەکەن بۆ ئەوەی لە رۆژی ڤاڵانتیاندا گوڵە سوورەکان بەشێوەیەکی جوان بۆیان ئامادە بکەن، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه ئه‌مساڵ كۆرۆنا و مووچه، شه‌ڕی ڤاڵانتاین ده‌كه‌ن.
ده‌شتی حه‌مه‌ده‌مین لە لێداوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ساڵانه خه‌ڵك چه‌ند رۆژێك پێشتر ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن، ئێمه‌یش مانگێك زووتر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات گوڵه‌كان ئاماده ده‌كه‌ین له جۆری گوڵی رۆزی ره‌نگ سوور كه له‌م بۆنه‌یەدا، خواستی هاووڵاتییان زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م جۆرە گوڵه‌یه''.
خاوەن فرۆشگای گوڵی سروشتی سه‌باره‌ت به كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قه‌یرانی ئابووری له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م بۆنه‌یه گوتی: ''كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بووه، نه‌بوونی مووچه، بێكاری، به‌رزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەربە دیناریشی هاتووه‌ته‌سه‌ر كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو شتێك دروستكردووه، ئێمه زۆر به كه‌می نرخه‌كانمان به‌رزكردووه‌ته‌وه و ره‌چاوی دۆخی هاووڵاتییانمان كردووه''.
ده‌شتی حه‌مه‌ده‌مین له‌باره‌ی كاته‌كانی كاركردن و ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی کە له بۆنه‌ی ڤاڵانتایندا سه‌ردانیان ده‌كه‌ن گوتی: ''به گشتی رۆژانه ١٦ كاتژمێر كار ده‌كه‌ین، به‌ڵام دوو رۆژ پێش ڤاڵانتاین به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام شه‌و و رۆژ كار ده‌كه‌ین و داواكارییه‌كانی خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌كه‌ین له‌كاتی خۆیدا، پێشبینی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌مساڵ، نزیكه‌ی ٥٠٠ كه‌س سه‌ردانمان بكه‌ن''.
به‌گوته‌ی ده‌شتی حه‌مه‌ده‌مین ئه‌گه‌ر گوڵه‌كان له پلەی گەرمی نزمدا هەڵبگیرێن، ئه‌وا نزیكه‌ی دوو هه‌فته ده‌مێننه‌وه و تێكناچن.
ئه‌و کەسانه‌ی كه بەبۆنەی ١٤ی شوبات هاتبوون بۆ کڕینی گوڵی سوور، بۆ ئه‌وه‌ی بە دیاریی پێشكه‌ش به خۆشه‌ویسته‌كانیان بكه‌ن، ئاماده‌نه‌بوون له‌به‌رده‌م زوومی كامێرادا گوزارشت له‌م بۆنه‌یه بكه‌ن.
رۆژی خۆشەویستی یان جەژنی خۆشەویستی یان رۆژی قەشە ڤاڵانتاین لە بنەڕەتدا ئاهەنگێڕانێکی مەسیحییە و مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی سێیەمی زایینی.
لە رۆژی ڤاڵانتاین ١٤ی شوباتی هەموو ساڵێکدا، بەشێک لە خەڵکی ئاهەنگ بۆ یادی رۆژی قەشە ڤاڵانتاین و خۆشەویستی و سۆزداری دەگێڕن و خۆشەویستان لەم رۆژەدا، خۆشەویستی خۆیان دەردەبڕن بە شێوەی ناردنی کارتی ڤاڵانتاین، گوڵی سوور، نوقڵ و شیرینی بۆئەو کەسەی کە خۆشیان دەوێت.