ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی لەوڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەبچێ.
لەکاتێکدا ھیچ تیپێک لە عێراق و ھەریمی کوردستانەوە بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییەی نەکردووە، وەزارەتی رۆشنبیریی و وەرزش و لاوانی ھەرێمی کوردستان بە بێ ئاگاداریی یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی، چەند کەسێکی لەسەر بودجەی گشتیی وەزارەت ناردووەتە وڵاتی پۆڵەندا.
سکرتێری لقی ھەولێری یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق ئاراس سەعید بۆ AA گوتی: "ئێمە گلەیی زۆرمان لە وەزارەتی رۆشنبیریی ھەیە. وەزیر لەسەر چ بنەمایەک پارەی گەشت بۆ کەسانێک دابین دەکات تا بەناوی کوردستانەوە بەشداریی لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی لە پۆڵەندا بکەن؟ ئەوانەی نێردراون تەنیا دووانیان پەیوەندییان بە یاریی بەرزکردنەوەی قورساییەوە ھەیە و ئێستا ھیچ پۆستێکی ئیدارییان نییە. ئەوانی دیکە تەنیا گەشتیارن. لەماوەی دوو ساڵدا ئەوە جاری دووەمە وەزارەتی رۆشنبیریی ھەڵەی وا دەکات. ئەو کەسانە ھیچ نووسراوێکی رەسمیی یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی کوردستان و عێراقیان پێ نەبووە."
ئاراس سەعید ناردنی کەسانی دیکە بۆ پاڵەوانێتی وەرزشی بە بەھەدەردانی پارەی گشتی وەسفکرد گوتی: "لەبری سەرفکردنی پارە بۆ کەسانێکی گەشتیار دەبوایە بیریان لەوە کردبایەوە ھۆڵێکی تایبەتیمان بۆ دابین بکەن. ئێمە وەک یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی تا ئێستا بارەگامان نییەو ھۆڵێکی یاریکردنمان نییە بۆ یاریزانان. داوا دەکەم حکومەت لێپێچینەوە بکات لەسەر بە ھەدەردانی ئەم پارەیە."
لەبارەی قسەکانی سکرتێری لقی ھەولێری یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، کارەبدەستانی وەزارەتی رۆشنبیریی و وەرزش و لاوانی ھەرێمی کوردستان دەڵێن لەسەر بنەمای داوەتانمەی پاڵەوانێتییەکە خەڵکی ناردووەتە پۆڵەندا.
مەحمود عەزیز، جێگری بەرێوەبەری گشتی لەوەزارەتی رۆشنبیریی بۆ AA گوتی: "ئەوان داوەتنامەی رەسمییان لەلایەن یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی جیھانەوە بۆ ھاتبوو. بەڵگەی داوەتنامەکەیان ھێنایە لای وەزیری رۆشنبیریی ئەویش کرێی فڕۆکەی بۆ دابینکردن."
مەحمود عەزیز کۆپیێکی داوەتنامەکەی بە AA دا کە مۆرو ئیمزای یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی جیھانی لەسەرەو ناوی ئەم ١٠ کەسەی تێدایە کە وەک نوێنەری ھەرێمی کوردستان بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکەن:
١. قاسم ھاشم مەحمود
٢. ئیسماعیل مەولود ساڵح
٣. سەمەد محەمەد رەزا
٤. ئارسان ھاشم مەحمود
٥. خەسرۆ ئیسماعیل کەریم
٦. مەحمود ھاشم مەحمود
٧. کارزان سیروان سەعید
٨. سوارە محەمەد پیربال
٩. رێناس محەمەد فرجاللا
١٠. شیرین حەسەن عەبدولڵا
بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر پەیامنێری AA پاڵەوانی پێشووی ئاسیا لەیاریی بەرزکردنەوەی قورسایی سوارە محمد پیرباڵ ی دوواند، کە ناوی لە لیستی داوەتنامەکە ھەیە بەڵام گەشتی نەکردووە.
سوارە گوتی: "من و ئەو کەسانەی گەشتیان کردووە داوەتنامەی رەسمیمان ئاراستەکرابوو بۆ ئەوەی لەم پاڵەوانێتیەدا بەشداریی بکەین. بەڵام لەبەرئەوەی ئەو کات لە ئۆکرانیا بووم نەمتوانی لەکاتی دیاریکراو ئامادەبم. گەشتکردنی ئەو ھاوکارانەش بۆ ئەوەیە تا لە نزیکەوە ئەزموون پەیدا بکەن و لەداھاتوو خزمەت بە بەرزکردنەوەی قورسایی کوردستان بکەن. ئەوان وەک راھێنەر، ناوبژیوان، یاریزان یانیش یاریزانی پێشوو چوونەتە پۆڵەندا."
ئیسماعیل مەولود ناوبژیوانی پلەیەکی کوردستان کە یەکیًَکە لەو کەسانەی بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوو گەشتی پۆڵەندا بکات بۆ AA گوتی: "ئێمە بە داوەتنامەی رەسمی ئەم گەشتە ئەنجام دەدەین و پەیوەندی باشمان دروست کردووە لەگەڵ یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی جیھان. ئەوە وایکردووە بەڕەسمی داوەتی پاڵەوانێتییە جیھانیەکانمان بکەن و باجی تایبەتمان بەناوی کوردستان بۆ دروستبکەن. بەشدار دەبین تا بە وەرگرتنی ئەزموونی زیاتر خزمەت بە بەرزکردنەوەی قورسایی کوردستان بکەین."
لەبارەی ئەوەی کە ھیچ پرسێکیان بە یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی ھەرێم و عێراق نەکردووە ئیسماعیل مەولود گوتی: "بۆیە پرسمان بە بەرزکردنەوەی قورسایی کوردستان نەکردووە چونکە ئەوان بەردەوام ئێمە پەراوێز دەخەن. ئێمەش دەمانەوێ بەو ئەزموونەی ھەمانە زیاتر خزمەت بە بەزرکردنەوەی قورسایی کوردستان بکەین."
ھەروەھا ئاراس سەعید لەبارەی خزمەتگەیاندنی ئەوان بە بەزرکردنەوەی قورسایی کوردستان گوتی: "ئەو کەسانەی چوونەتە پۆڵەندا ھیچیان وەکو یاریزان بەشدارنەبوون پۆستی ئیداریشیان نییە. زۆربەیان مامۆستای زانکۆن لە بەشە جیاجیاکاندا. ئەوانە بە چ شێوەیەک دەتوانن خزمەت بکەن؟ ئەوە لەکاتێکدا ئەوانە بێ ئاگاداری و پرسی یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی کوردستان نوێنەرایەتیی کوردستان دەکەن ئەوە کارێکی نایاساییەو ناکرێ لەکاتێکدا یاریزانی بەشداربوومان نییە نوێنەرمان ھەبێ."