كفری
بە دووری 15 كیلۆمەتر لە دەرەوەی شاری كەلار، لەسەر ریگای نێوان كەلار - جەلەولا و لە گوندی كوڵەجۆی سەر بە ناحییەی كۆكز، ژمارەیەك ئاوارە لە دەشتێكی چۆڵی سەر رێگە سەرەكییەكە لەناو چەند خێمەیەكدا ژیان دەگوزەرێنن.
ئەو ئاوارانە خەڵكی ناحییەكانی جەلەولا و سەعدییە و شارەبانن، كه پێش 15 رۆژ لەمەوبەر ئەو ناحییانە لەدەست رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) دەرهێنران.
ئاوارەكانی گوندی كوڵەجۆ 47 خێزانن و بێ كارەبا و نەوت و گەرمكەرەوەن، وەك خۆیان گوتیان شەحن كردنەوەی مۆبایلەكانیشیان لێ بووەتە كارێكی قورس، چونكە لە شوێنێكی چۆڵەوانیدان و كارەبایان بۆ دابین نهكراوه.
سێ بۆ چوار خێزان لەو ئاوارانه كوردن و ئەوانی دیكه عەرەبن، بەشێكی كەمیشیان توركمانن. نزیكهی 50 منداڵ لهو كهمپهدا هەن كە لە تەمەنی خوێندندان، بەڵام بەهۆی نەبوونی خوێندنگە هەموویان لە خوێندن دابڕاون. ئەو ئاوارانە سەرما و نەهامەتی كارێكی پێكردوون بە شێوەیەک هەر كەسێك دەبینن كە دەچێتە لایان تهنیا داوای سۆپا و نهوت دهكهن.
ئەشواق یاسر ژنێكی گەنجی بە رەگەز عەرەبی دانیشتووی ناو كەمپەكەیه و خەڵكی جەلەولایه، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لێرە پێویستمان بە نەوت، سۆپا، كارەبا و ئاوە. ئەم كهمپه هیچ خزمهتگوزارییهكی ژیانی تیادا فهراههم نهكراوه، لێرە حاڵمان زۆر خراپە و داوا دەكەین بگەڕێینەوە سهر ماڵ و حاڵی خۆمان. تەنیا ئارامی و ئاسایشمان دەوێت و داوا دەكەین لەم نەهامەتییە رزگار بكرێین".
محهمهد رەشید یەكێكی دیكه له ئاوارهكانی ناو كهمپهكهیه و بە رەگەز عەرەبه و خەڵكی جەلەولایه، خێزانهكهشی بهخۆیهوه شهش كهسن. دەربارەی بار و گوزەرانیان لهو كهمپه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گوزەرانمان زۆر خهراپه و هیچ ئیش و كارێكمان نییە. لهناو كهمپهكهشمان ئاو و كارەبامان نییە، ناو خێمەكان زۆر ساردە و نەوت و سۆپامان نییە و خواردن كەمە. لێرە ژیان زۆر قورسە، ئێمه لە هەموو شتێك بێبهشین. دەمانەوێت بگەڕێینەوە سهر ماڵ و حاڵی خۆمان، بەڵام رێگەمان نادەن و دەڵێن هێشتا ناو جەلەولا بۆ ژیان گونجاو نییە. هەموومان خواستمان ئەوەیە بگەڕێینەوە شوێنهكانمان".
ئەو ئاوارانە لە دوای كۆنترۆڵ كردنی سەعدییە و جەلەولا له لایهن چهكدارانی داعشهوه، هەڵاتوون و لە كهمپی كوڵهجۆ نیشتهجێبوونە و چەند مانگێكە لهو نههامهتییهدان.
سەمیرە عەلی ژنێكی ئاوارەی كهمپی كوڵەجۆیه و خەڵكی سەعدییەیه. سەمیرە ماوەی شەش مانگه لەو كەمپەدا ژیان دەگوزەرێنێت و منداڵێكی نەخۆشی هەیه، وەك خۆی دهڵێت بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە ژیانیان لێ زڕاوە.
سەمیرە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لێرە ژیانمان نییه و هاوكارییەكان بۆ ئێمە زۆر كەمە. كارەبا و نەوت و سۆپا و خۆراك و پێداویستی رۆژانە و ئیش و كار نییە. منداڵێكی نەخۆشم هەیە پێویستی بە خوێنە، چووینە نەخۆشخانەی كەلار تیایدا نەبوو، بەهۆی ئەو منداڵهمانهوه لە ژیانی خۆمان بێزار بووینە و حاڵمان زۆر خراپە. لێرە نە مووچەیەكمان هەیە نە پارەمان پێیە نە ئیشیش هەیە بیكەین و نازانین روو لە كوێ بكەین. كارەبا لە كەمپەكەدا نییە، تەنانەت شەحن كردنەوەی باتری مۆبایلەكانیشمان بووەتە ئەرك و بارێكی قورس".
محهمهد سەلام گەنجێكی كوردی 20 ساڵی ناو شاری جەلەولایه و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لێرە ژیان زۆر زهحمهته و ئیش و كارمان تهنیا سوڕانەوەیه و بێ كارین. من كرێكاری دەكەم، بەڵام رۆژێك ئیشم دەستدەكەوێت سێ رۆژی دیكه بێ ئێشم. دەمانەوێت بگەڕێینەوە جەلەولا، بەڵام رێگەمان نادەن. پێشیان گوتووین لە جەلەولا خانووەكەمان لە لایەن داعشەوە سوتێنراوە، واتە ئەگەر بگەڕێینەوەش ژیانمان سهخت دهبێت".
ئەو ئاوارانە بەو هۆیەی خەڵكی ناوچەی گەرمیان باوەشیان بۆ كردوونەتهوە و لە داعش پاراستیانن، ههریهكه به شێوهیهك خۆشهویستی خۆی دهردهبڕێت. لهمبارهیهوه پێنج رۆژ لەمەوبەر منداڵێك لە یەكێك لە خێمەكانی نزیك گوندی كوڵەجۆ لەدایك بوو, ئەو منداڵە ههرچهنده دایكی عەرەبه، بەڵام منداڵەكەی بە ئاڵایەكی كوردستان داپۆشیبوو و بهو شێوهیه خۆشەویستی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دەردەبڕی.
ئەو منداڵە ناونرابوو سەمیر و دایكی وەك وەفایەك بۆ هەرێمی كوردستان بە ئاڵای كوردستان مەلۆتكەی كردبوو.
دایكی سەمیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سوپاس بۆ خوا و خەڵكی كوردستان ئێمە زۆر باشین، منداڵەكەم لە نەخۆشخانە لێرە لەدایكبوو بۆیە بە كوڕی كوردستانی دەزانم. ئێمە شەش مانگە لەسەر ئەم خاكە دەژین لە ریزگرتن زیاتر هیچمان لە خەڵكی ئێرە نەبینی، بۆیە قەرزاری خەڵكی كوردستانین".
چەكدارانی داعش هەر لەسەرەتای شاڵاوەكانیاندا لە 12ی حوزەیران دەستیان گرت بەسەر ناحییەی سەعدییە و رۆژی ٨ی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو بە تەواوی ناحییەی جەلەولایان كۆنترۆڵ كرد و بەوهۆیە ژمارهیهكی زۆری خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون.
هەرچەندە رۆژی 23ی مانگی رابردوو ئەو دوو ناحییەیە و دەوروبەری بە تەواوهتی له دهستی چهكدارانی داعش دەرهێنران، بەڵام بەهۆی زۆری مین و تەقەمەنی لەناو شارەكە كە چەكدارانی داعش دوای خۆیان بەجێیان هێشتووه، تا ئێستا ئاوارەكان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانەوە رێگەی گەڕانەوەیان پێنەدراوە.