ھەولێر
لە تەلاری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەدین، نووسەر و كۆمەڵناسی تورك ئیسماعیل بێشکچی دکتۆرای فەخری پێبەخشرا.
ئیسماعیل بێشکجی لە مەڕاسیمەکە بۆ ئامادەبووان گوتی: "دکتۆرای فەخری لە زانکۆیەکی کوردی و بەتایبەتی لە زانکۆی سەڵاحەدین جێی شانازییە."
ھەروەھا باسی لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: "لە زۆربەی جیھان ئازادی رادەربڕین سنووردار کراوە و زانکۆکان دەتوانن ئازادییەکان بەرفران بکەن، بۆیە دەڵێم زانکۆ نەتیا شوێنی وەبەرھێنانی زانست نییە، لە رۆژھەلاتی ناوەڕاست بێجگە لە ئیسرائیل ھەموو شوێنی ئازادی رادەربڕینی سنووردار کردووە، ھەر بە ٥٧ دەوڵەتی ئیسلامییەوە کە ئەندامی کۆنفڕانسی ئیسلامیشن دەڵێم با ئازادی رادەربڕین سنووردار نەکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بێشکچی باسی لە جیاوازییەکانی رۆژھەلات و رۆژئاوا کرد و گوتی: "لە رۆژھەلات زانست تەنیا لە چوارچێوەی قورئان و حەدیسدا دەبینن، بەڵام لە رۆژئاوا کە بە راستی زانست ھەیە، ئەوان ھەموو شتێک لە سروشتەوە وەردەگرن و لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەن، بۆ نموونە خواردنی گۆشتی بەراز لە قورئان حەرامکراوە، بەڵام لە رۆژئاوا ئەوان لێکوڵینەوەی لەسەر دەکەن و بە دوای ھۆکاری زانستی دەگەڕێن."
گوتیشی: "ئازادی رادەربڕین پێویستی بە گەرەنتی ھەیە کە لە ھەندی وڵاتدا نییە، با سیستمی خوێندن تێکەڵی سیاسەت نەکرێ وەک تورکیا، کە زیاتر ئاڕاستەی خوێندن بەرەو سیاسەتە تا خوێندن."
ھەروەھا بێشکچی باسی لە مێژووی کورد کرد و گوتی: "لە ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢٠ ھەموو ئەو وڵاتە زلهێزەکانی وەک فەرەنسا و ئینگلتەرا و چەند وڵاتێکی دیکە، ھاتن و وڵاتانی وەک ئوردن، لوبنان، سوریا، عێراق، ئیران، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەیان دروستکرد و کوردستان پارچە بوو، ئێستاش ئەوان دۆستی کورد نین، کورد بە ٤٠ ملیۆن کەسەوە بۆ دەبێ دەوڵەتی نەبێ؟ بۆ؟ با ھەموو ئەو دەوڵەتانە لە خۆیان بپرسن."
گوتیشی: "با لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەر کەسێک بە پلە و پایە گەیشت رەخنەی لێبگیرێت، بە رەخنەگرتن زانستیش پێشدەکەوێ."
ئیسماعیل بێشکچی لە ساڵی ١٩٣٩ لە شارۆچكەی ئیسکیلیپ-ی پارێزگای چۆروم-ی توركیا لە خێزانێکی تورک لەدایک بووە، ناوی باوکی ئیسماعیل حوسنییە و دایکیشی ناوی زاھیدەیە.
بێشکچی دوو برا و خوشکێکی ھەیە و خۆی کوڕی بچوکی خێزانەکەیەتی، بێشکچی لە تورکیا بە "ماموستای قژزەرد" ناسراوە. پێشتر مەدالیای بارزانی لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانییەوە پێبەخشراوە، ھەروەھا دکتۆرای فەخری لە زانکۆی بۆغازئیجیی توركیا لە ساڵی ٢٠١٣ پێدراوە.
بێشکچی لە ساڵی ١٩٦٢ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکوی ئەنقەرە تەواو کردووە، دواتر لە زانکۆی ئاتاتورک لە شاری ئەرزروم وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری کۆمەڵناسی کاری کردووە.
یەکەم تێزی خۆی لەسەر هۆزێکی کورد بە ناوی عەلیکان پێشکەش بە زانکۆی ئەنقەرە دەکا و بەو هۆیەوە لە زانکۆ دوور دەخرێتەوە.
چەندین بەرھەمی بێشکچی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
لە کۆی دادگاییەکاندا، بە دەیەها ساڵ سزای زیندانی بەسەر بێشکچی سەپێنراوە، بە گشتیی ١٧ ساڵ زیندانی کراوە. هەروەها دەیەها کتێبی لەسەر نەتەوە و مێژوو و کۆمەڵگەی کورد، لە تورکیا قەدەغە کرابوو.