هەولێر - ھێمن بابان
نەتەوە یەكگرتووەكان پێشوازی لە رێككەوتنی ئەمدواییەی نێوان حكوومەتی هەرێم و ناوەند دەكات و بە هەنگاوێك بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكانی نێوان هەردوولای دەزانێت.
رێكخراوی بەرزنجی بۆ پەرەپێدانی مرۆیی ئەمڕۆ لە هەولێر كۆنگرەیەكی بۆ لێكنزیككردنەوەی هۆزەكانی عێراق رێكخست كە ئەمڕۆ دەستی بەكارەكانی كرد و بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
لەو كۆنگرەیەدا نوێنەرانی چەندین هۆزی عەرەبی بە جلوبەرگی خۆیانەوە دەبینران، لە پاڵ ئەوانەشدا ژمارەیەكی كەمتر لە نوێنەرانی عەشیرەتە كوردییەكان ئامادەی ئەو كۆنگرەیە بوون كە تیایدا سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وتاریان هەبوو و هەمووان جەختیان لەسەر پێكەوە ژیان و گرنگیی رۆڵی ئاشتی و تەبایی بۆ گەشەپێدانی وڵات دەكردەوە.
نوێنەری رێكخراوی بەرزنجی بۆ پەرەپێدانی مرۆیی زەیتۆ سییانی لە گوتەیەكدا پاش بەخێرهێنانی میوانەكان رایگەیاند، بەستنی كۆنگرەكەیان بە پێویست زانیوە بۆ نزیككردنەوەی پێكهاتەكانی عێراق لەیەكتر و پاڵپشتیكردنی پێكەوەژیان لەنێوان هەموو توێژەكان بەمەبەستی دروستكردنی تێگەیشتنی هاوبەش.
زەیتۆ گوتیشی "دەبێ هەمووان پابەندبن بەرامبەر بە یەكتر بۆ بەدیهێنانی هاوبەشی و پێكەوەژیانی راستەقینە، عێراقییەكان پێویستییان بەو قۆناغەیە كە كەلتووری پێكەوەژیان لە هەموو كات زیاتر پەیڕەو بكرێت بۆ زاڵ بوون بەسەر تیرۆر، چونكە قورسە تەنها بە چەك بەسەر تیرۆردا زاڵ ببین". گوتیشی "دەبێت فرەیی و هەمەچەشنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزی بێت نەك شەڕ و ناكۆكی".
نوێنەری سەرۆكایەتی كۆماری عێراق عەلا مەكی لە وتارێكدا رایگەیاند "زۆر ئومێدی گەورە لەسەر ئایندەی هەستانەوەی عێراق لە دوای قۆناغی هەستیاریی گۆڕانكاریی بونیادی بۆ نەهێشتنی ئەوەی لەدەست میللەت چووبوون لە گەڕاندنەوەی ئەو مافانەی لەدەستی دابوو، بەڵام دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەكی بوونە هۆی وێرانكردنی ئەم وڵاتە دێرینە".
لەبارەی كۆنگرەكەشەوە گوتی "ئارەزوویەكی راستەقینەیە بۆ كۆكردنەوەی پەرتەوازەیی عێراقییەكان، چونكە هۆزەكان سەركردەی سەربازی و رۆشنبیر و مامۆستا و خەباتگێریان بەخشیوەتە وڵات".
عەلا مەكی كە باسی لە پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی لە هەرێمی كوردستان بە پەسەند باس كرد و وەكو نموونەیەك باسی لێوە كرد لە درێژەی وتارەكەیدا گوتی "كەلتووری پێكەوەژیانی راستییانە بەبێ كەمینە و زۆرینە لەرێگەی یاساگەلێكەوە بەدەست دێت كە مافی هاووڵاتی و كۆمەڵگە گەرەنتی بكات بەبێ رەچاوكردنی ئاین و مەزهەب و رەچەڵەك و ئینتیمای سیاسی یان ناوچەیی و بەدیهێنانی دەرفەت بۆ هەمووان و رەتكردنەوەی میكانیزمەكانی خۆسەپاندن و پەراوێزخستن".
ئەو كۆنگرەیە كە یەكەمجارە لە هەولێر دەبەسترێت لەكاتێكدایە عێراق لە دوای ساڵی 2003ەوە بەدەست جەنگ و ناكۆكی تایفییەوە دەناڵێنێت كە رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هەموو كایەكانی ژیان هەبووە.
بەرپرسی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی عێراق "یونامی" نامیق حەیدارۆڤ لە وتارێكدا باسی لە رێككەوتنی ئەمدواییەی هەرێم و بەغدا لە بواری وزە كرد و گوتی "نەتەوەیەكگرتووەكان پێشوازی لەو رێككەوتنەی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوەند دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە بودجە، رێككەوتنەكە هەنگاوێكی باشە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەیی و هەمیشەیی و گشتگیر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا".
گوتیشی ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامی دەدات تاوانی دژی مرۆڤایەتیین و كوشتنی پیاوانی سوننە بەمدواییانە لەوانەی كە لە پاڵ حكوومەتی عێراق دژایەتیی تیرۆر دەكەن نموونەی ئەو كارانەن.