ھەولێر
ئەو ھێزەی كە ئەمڕۆ بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوت، جێگەی ئەو ھێزە دەگرێتەوە كە لە 28ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بۆ پشتیوانیكردن لە یەكیەنەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە رووبەڕووبوونەوی چەكدارانی رێكخراوی دەولەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) چووبوونە ئەو شارە.
بەپێی زانیارییەكان ھێزەكانی پێشمەرگە چەكی قورسیان لەگەڵ خۆیاندا نەبردووە، دوای ئەوەی كە دەگەن بە شاری كۆبانێ چەك و پێداویستی جەنگیان بۆ رەوانە دەكرێت.
ئەو ھێزەی ئەمڕۆ بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوتن، سەرەتا لە رێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە دەچنە پارێزگای ئورفا لە توركیا، دواتریش بەرەو كۆبانێ بەڕێدەكەون و جێگۆڕ لەگەڵ ئەو ھێزە دەكەن كە لە 28ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ چووبوونە كۆبانێ.
ھێزەكانی پێشمەرگە لە كاتی چوونیادا بۆ ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، ئاڵای كوردستانیان بەرز كردەوە و بە یەك دەنگ دەیانگوت "بژی كوردستان، بژی كۆبانێ".
بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆسەر كۆبانێ، رۆژی 22ی تشرینی یەكەم پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزە كوردییەكانی شاری كۆبانێ لە شەڕی دژی داعش، بڕیاریدا هێزێك رەوانەی ئەو ناوچەیە بكات. لە بەرامبەر ئەو بڕیارە تورکیا رەزامەندی دەربڕی بۆ رێگەدان بە تێپەڕبوونی پێشمەرگە بە خاکەکەیدا بۆ شاری کۆبانێ.
ئەو بڕیارە لە رۆژی ٢٨ی تشرینی یەكەم جێبەجێ كرا و هێزێكی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە چەكی قورسەوە لە رێگەی خاكی توركیاوە گەیشتنە كۆبانێ و لەگەڵ هێزە كوردییەكانی دیكە لەو شارەدا توانییان بەشێك لە شاری كۆبانێ كۆنترۆڵ بكەنەوە.
لەو كاتەوە شەڕی چڕ لە نێوان ھێزە كوردییەكان و چەكدارانی رێكخراوی دەولەتی ئیسلامیی بەردەوامە.
تا ئێستا 14 پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەكاندا لە شاری كۆبانێ بریندار بوونە.