سلێمانی
سەرپەرشتیاری ھەڵمەتی حەفتەی کۆمەک (حاجی کاروان) بۆئاژانسی ئانادۆڵو گوتی" لەسێ رۆژی ھەڵمەتەکەماندا لەسنووری پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، کەرکوک خەڵکێکی زۆر لەدانیشتوانی ئەو شارانە ھاتوون بەدەم ھەڵمەتەکەمانەوەو کۆمەک و ھاریکارییەکی زۆریان ناردووە بۆ لێقەوماوانی رۆژئاوای کوردستان".
حاجی کاروان بەشێک لەوردەکاریی کۆمەکەکانی خستەڕوو " لەماوەی سێ رۆژدا تەنیا لەشاری ھەولێر زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دینارو لەڕێی کورتەنامەsmsیشەوە ٧٥ ملیۆن دینار گەیشتووەتە بنکەکانی کۆمەک وەرگرتن، لەبارەی خۆراک و کەلوپەلی نێو ماڵەوە زیاتر لە ٦٠ کامیۆن خۆراک و کەلوپەل و پۆشاک و کەرەستەی کارەبایی و پێداویستی دیکە گەیەنراونەتە ھەڵمەتەکەو بەشێکیان بەسەر ئاوارەکاندا دابەشکراون لەھەولێر".
لەلایەکی دیکە سەرپەرشتیارێکی ھەڵمەتەکە لەشاری سلێمانی بۆ ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا دانیشتووانی شارەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان چوون بەدەم بانگەوازی حەفتەی کۆمەک لەماوەی سێ رۆژی ھەڵمەتەکەدا زیاتر لە ١٥ کامیۆن خۆراک و کولوپەل ڕەوانەی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپی (عەربەت) کراوە.
دوێنی چوارشەممە جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (عیماد ئەحمەد) سەری دا لەکەمپی ئاوارەکان لەعەربەت و وێڕای جەختکردنەوە لەپێویستی ھاریکارییکردنیان، ستایشی بەڕێوەبردنی حەفتەی کۆمەکی کردو گوتی" ئەمە ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقی و ئایینییە پێویستە خەڵکی کوردستان بەشداریی تێدا بکەن"
ھەڵمەتەکە لەلایەن (تەلەڤزیۆنی سپێدە)و دەزگای ھاناو بەختەوەریی بەڕێوەدەبرێ.