برۆكسل
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی دانوستانی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و نوێنەری باڵای دەرەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان فێدریكا مۆگرینی كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكاندا لایەنەكان گەیشتنە رێككەوتنكی سنووردار.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا فلیپ ھامۆند دوای كۆبوونەوەكان بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند "بەرەوپێشچوون لە كۆبوونەوەكاندا ھەیە بەڵام ئەگەر بگەینە تەوافق ئەوە رێگەیەكی دوور و درێژمان لە بەردەم دایە".
نوێنەری باڵای دەرەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان فێدریكا مۆگرینیش دەڵێت پێكھاتەكانی پێویست لەبەر دەستدایە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بەڵام پێویستیشە بۆشاییەكان پڕ بكرێنەوە گوتیشی: "كۆبوونەوەیەكی پڕسوود بوو دڵنیام سوودەكانی كاریگەریی لەسەر كۆبوونەوەكانی داھاتوودا دەبێت".
ھاوكات وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لۆرانت فابیوس ئاماژەی بەوە كرد كە پێیان باشە رێككەوتنەكە لەسەر بنەما بێت و راشیگەیاند: "چەند خاڵێك ھێشتا ماوە لەسەری بگەین بە رێككەوتن بەڵام ھیواخوازین چارەسەری سەرجەم خاڵەكانی ناكۆك بكەین".
لە كۆبوونەوەكانی پێشوودا کە لە 24ی تشرینی دووەمی 2014 لە ڤیەننا بەڕێوە چوو، لایەنەکان نەگەیشتنە رێككەوتنی ھەمیشەیی لەبارەی دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران، بۆیە بڕیاریان دا دانوستانەكانیان تا 1ی تەمووزی 2015 درێژ بكەنەوە. ھەروەھا پێشبینی دەكرێت لایەنەكان لە دوای كۆبوونەوەكانی ئەم مانگ بگەنە رێككەوتنێكی پێشوەختە كە بڕیارە لە شاری لۆزان ھەفتەی داھاتوو دەست پێ بكات.