Hawkar Yaseen
27 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2021
کۆیە AA
زانکۆی کۆیە لە مەراسیـمێکدا بڕوانامەی فەخری دکتۆرای لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەخشییە، سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووس و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عومەر شێخ موس.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی سەرکۆماری پێشووی عێراق، فواد مەعسوم و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
سیاسەتمەدار عومەر شێخ موس لە وتەیەکدا لەدوای وەرگرتنی بڕوانامەکەی رایگەیاند "بەخشینی بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بەمن لە زانکۆیەکی کوردستانییەوە مایەی شانازیمە، بۆمن مانایەکی گەورەی هەیە و بەشێک دەبێت لە بیرەوەرییە بەنرخ و گەورەکانی ژیانم، هەرچییەک لە پێناوی نەتەوەکەمدا کردبێتم بەپێی توانا ئەرکێکی نەتەوەیی بووە شادمانیشم کە ژیانی من ئەوەندە بەرهەمی هەبووە کە شایەنی ئەو خەڵاتە گەورەیەبێت".
عومەر شێخ موس لە وتارەکەیدا دوو پەیامی ئاراستەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند "بەم بۆنەیەوە دوو پەیامی کورت پێشکەش دەکەم، یەکەم پەیامم ئەوەیە گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی سیاسەتکردن و تەوافوق ئینجا چ لەناوخۆی حزب و رێکخراوەکاندا بێت یان لەنێوان یەکتردا، چ لە ئاستی کوردستان بێت یان لەئاستی هەرێمی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ئەمە بە پێویستییەکی مێژوویی دەزانم بۆ دەربازبوون لە قەیرانی زۆر فراوان کە رووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە، پەیامی دووەمیشم ئەوەیە بە هەموو لایەکمان بە هەموو شێوەیەک هەوڵبدەین میللەت و وڵاتی ئێمە جارێکی دیکە تووشی هیچ جۆرە شەڕێکی براکوژی و شەڕی ناوخۆ نەبێتەوە، فشاریش بۆ هەموو لایەنەکان بەرین بۆ رێگاگرتن لە رووداوی وەها".
دواتریش جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە وتەیەکیدا بۆ میدیاکان دەربارەی مەراسیمەکە رایگەیاند "پێموایە دکتۆر مامۆستا عومەر شێخ مووس شایەنی ئەم خەڵاتە و زۆر خەڵاتی دیکەشە، پیاوێکی تێکۆشەر و سیاسی و دیپلۆماسی، مەراسیمێکی جوان بوو رێزگیرا لە کەسێکی گەورە، ئێستا ئێمە چاوەڕێین لە مامۆستا عومەر ئەو زانست و شارەزاییەی کە هەیەتی ئەو ئەزموونەی کە هەیبووە ببێتە سوود بۆ ئێمە بۆ سیاسییەکان و دیبلۆماتکارەکان و پرۆفیسۆرەکانی ئەمڕۆ، ئەتوانن سوودی لێ وەربگرن".
گوتیشی: "سیاسییەکان و دیپلۆماتکارەکانی ئەمڕۆ دەتوانن پرسیاری لێبکەن و رای وەربگرن و سوود لە ئەزموونەکەی وەربگرن، ئەمڕۆ رۆژی رێزلێنانی بوو پرسەکەی نەبوو دەتوانن سوود لە شارەزاییەکەی وەربگرن".
عومەر شێخ مووس، ساڵی ١٩٤٢ لە شارۆچکەی عامودا لە سووریا لەدایک بووە، ساڵی ١٩٥٨ پەیوەندی بە حزبی دیموکراتی سووریاوە کردووە و لە ساڵی ١٩٦٢ بۆ خوێندن چووەتە ئەورووپا و ساڵی ١٩٧٢ بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی ستۆکهۆڵم بەدەستهێناوە، ساڵی ١٩٧٤ هەر لە سوید هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی سویدیدا کردووە بەناوی ئەگنێتا کە دواتر لەگەڵیدا هاتە ریزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بووە پێشمەرگە لە شاخ و لەنێو پێشمەرگەدا ناسناوی (خوشکە تارا)یان پێ بەخشیبوو، ساڵی ١٩٧٥ یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تەنیا کەسیش بوو لەنێو دامەزرێنەرانی یەکێتیدا کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی نەبوو، عومەر شێخ موس لە سەردەمی شۆڕشدا لە شاخ بە ناسناوی جان بانگدەکرا.