هەولێر
بەرپرسی لێژنەی ئەمنی و ئاسایش لە قەزای مەخمور، ئیبراهیم شێخەڵا، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "دوو رۆژە چەكدارانی داعش لەسنووری دەڤەری مەخمور كەوتوونەتە جموجۆڵ و بەردەوام لەرێگای ئۆتۆمبێلەكانیانەوە لە سنووری هیزەكانی پێشمەرگە نزیك دبنەوە."
شێخەڵا گوتیشی: "ئەو هێزەی داعش كە جولەیان پێكراوە پتر لە ٣٠ ئۆتۆمبێلی جۆراجۆر دەبن و رێژەی چەكدارەكانیان زیاتر كردووە. ئێمەش وەك بەرپرسی ئەمنی ناوچەكە داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە، هێز و چەكی زیاتر بۆ ئەو ناوچەیە رەوانە بكات."
بەرپرسی لێژنەی ئەمنی و ئاسایش لەقەزای مەخمور هەروەها گوتی: "شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق مۆڵگەی چەكدارانی داعش یان لە نزیك قەراج بۆردوومان كردووە زەرەر و زیانێكی زۆریان بە چەكدارەكان گەیاندووە و ئەو چەكدارانە مەترسی ئەوەیان لا دروستبووە كە سوپای عێراق لەو ناوچەیە، لەرێگای فڕۆكەوە سەربازانی دابەزێنی و هێرشیان بكەنە سەر، هەر بۆیەش بەردەوام كەوتوونەتە جوڵەوە."
ئیبراهیم شێخەڵا، لەبارەی رەوشی چەكدارانی داعش، گوتی: "لەناو شاری موسڵ داعش مەترسی زۆری هەیە خەڵك بەرامبەریان بووەستێتەوە و هەروەها لەسنوورەكانی نزیك ئەو شارەش مەترسییان هەیە كە سوپای عێراق سەربازانی دابەزێنێ، بەڵام هیج زانیارییەكمان نییە كە سوپای عێراق بییەوێت لەریگای سنووری مەخمورەوە هێرش بكاتە سەر داعش، كەچی ئەو دەنگۆیە لای چەكدارانی داعش زۆرە."
لەكۆتاییدا بەرپرسی لێژنەی ئەمنی و ئاسایش لەقەزای مەخمور گوتی : "بەئامانجی بەرگری زیاتر و خۆئامادەكردن بۆهەر ئەگەرێكی نەخوازراوە داوامان كردووە، هێزەی زیاتر رەوانەی دەڤەری مەخمور بكرێ."