Ozhin Jola
09 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2020
کەرکووک - AA
دوای پێنج ساڵ لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ راگرتنی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دەرەکی لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ بە بەشداری سێ ھەزار قوتابی کە بەسەر ١٠٦ ھۆڵی تاقیکردنەوە دابەشبوون، تاقیکردنەوە بەراییەکان بۆ قۆناغی ئامادەیی دەستی پێ کرد.
لە ساڵی ٢٠١٤وە کەرکووک بێ بەشکراوە لە تاقیکردنەوەی دەرەکی ئەوەیش پاش بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەھۆی لێکچوونی وەڵامی خوێندکارانی تاقیکردنەوەی دەرەکی ساڵی خوێندنی ٢٠١٤-٢٠١٥، تاقیکردنەوەی دەرەکی لە کەرکووک راگیرا، دواتر وەزارەتی پەروەردە رێگای بەکچاندا تاقیکردنەوە دەرەکییەکان ئەنجام بدەن و کوڕان بێ بەشکران لە تاقیکردنەوەکان.
بەڵام ئەمساڵ لەسەر داواکاری بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کەرکووک و فشارەکانی خوێندکاران، وەزارەتی پەروەردەی عێراق رەزامەندی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دەرەکی، بەڵام بەپێی چەند مەرجێک ئەوانیش؛ پرکردنەوەی بەڵێنامە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کەرکووک کە بەباشی تاقیکردنەوەکان بەڕێوەببرێن و مەرجی دووەمیش پڕکردنەوەی بەڵێنامە لەلایەن پۆلیسی کەرکووک بۆ پاراستنی تاقیکردنەوەکان و چاودێریکردنی قوتابخانە و ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە.
سەرپەرشتیاری بەشی یەکەی سەرپەرەشتیاری خوێندنی کوردی، پەروین جەباری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، رێکارە تەندروستییەکان وەک دابینکردنی دەستکێش و دەمامک بۆ خۆێندکاران دابینکراوە و رێکارە ئیدارییەکانیش لەڕووی چاودێریکردنی قوتابیانەوە بە کامێرای بەردەوامە.
پەروین جەباری راشیگەیاند، وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵ ھۆڵەکانی زانکۆی کەرکووک و پەیمانگای تەکنیکی دەست نیشان کردووە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوە دەرەکییەکان.
قوتابی سۆران محەمەد ئەمڕۆ بەشداری تاقیکردنەوەی دەرەکی کردووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "پرسیاری تاقیکردەوەی ئەمڕۆ باش و ئاسانبوو، پێم وایە خوێندنەوەیان بۆ دۆخی خراپی خەڵکی کردووە و من وەکو خۆم وەڵامی باشم دایەوە".
رۆژی شەممە بەرگری شارستانیی و تەندروستیی کەرکووک ھەستان بە پاککردنەوە و تەعقیمکردنی ھۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان وەک ریکارێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەنێو ھۆڵی تاقیکردنەوەکان.