Sarmand Hameed
24 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2020
هەولێر - AA
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، بە مەبەستی دیراسەکردنی بارودۆخەکە و داڕشتنی خشتەیەکی نوێ و ئەنجامدانی کارئاسانی بۆ ھاوڵاتییان، بە رەچاوکردنی دۆخی تەندروستی و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان، بە سەرپەرشتی پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، بە رەچاوکردنی دۆخی ژیان و گوزەران و کار و کاسبی و کارئاسانی ھاوڵاتییانی سنووری پارێزگای ھەولێر و بۆ پێشوازیکردن لە مانگی رەمەزان، چەند بڕیارێک دراون.
وەک لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە کە لەژێر رۆشنایی بەیانی ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، درێژکردنەوەی راگرتنی ھاتووچۆ تاوەکو ٢٠٢٠/٥/١ بەردەوام دەبێت، لە کاتژمێر ٦ ئێوارە تا ١٢ی شەو قەدەغەی ھاتوچۆ بەتەواوی جێ بەجێ دەکرێت، تەنھا رێگە دەدرێت بە ھاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی ھێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس و ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان.
بەپێی بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شوێن و بازاڕ و دوکانەکان کراوە دەبن بەمەرجی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و یانە و ھۆڵەکەکانی ئاھەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە (باڕ)، کافتریا، نێرگەلەخانە، چایخانە، مەلەوانگە، گەرماو (حەمام)، سەنتەرەکانی لەشجوانی، ھۆڵەکانی وەرزش، ھۆڵەکانی بووک گواستنەوە، ھۆڵەکانی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، سەنتەرەکانی مەساج، گازینۆکان، کافتریا و ریستۆرانتی باخچەکان، بەداخراوی دەمێننەوە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر رێگەی داوە بە کارکردنی تەکسی، بەمەرجێک ھەموو شوفێران دەبێت پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی گواستنە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان بن کە بۆیان دیاری کراوە بە جۆرێک لە دوو سەرنشین زیاتر رێگە نادرێت و دەبێت لە کوشنی پشتەوە دابنیشن، بەڵام ئەگەر لەیەک خێزان بن ڕێگە دراوە ژمارەکە زیاتر بێت، ھەروەھا ھیچ شۆفێرێک بۆی نییە سەرنشینێک ھەڵبگرێت ئەگەر ماسک و دەمامکی نەبەستبێت و کارکردنی تەکسییەکان رۆژانە بەشێوەی تاک و جووت دەبێت و بەپێی رۆژەکانی مانگ دیاریکراوە، بۆ نموونە ١ـی مانگ ژمارە تاکەکان و ٢ـی مانگ ژمارە جووتەکان و ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکان بە پابەندبوون بە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت و جەخت لەوە کراوەتەوە کە شۆفێری تەکسی دەبێت رۆژانە ئۆتۆمبێلەکەی بە ماددەی پاککەرەوە پاکبکاتەوە و دەبێت جامی ئۆتۆمبێلی تەکسییەکان چارەکێکی کراوەبێت ئەگەر کەشوھەوا لەبار بێت.
بەپێی بڕیارەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، نۆڕینگەکانی پزیشکی لەکاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆ تا ٦ی ئێوارە کراوە دەبن، بەو مەرج و ڕێنماییانەی بۆیان دیاری کراوە بەجۆرێک تا بکرێت سەردانی نەخۆش بۆ (نۆرە) وەرگرتن، لە رێگەی ژمارەی تەلەفۆنی نۆڕینگەکان بێت و لە ژووری دانیشتنی چاوەڕوانی نەخۆش، نابێت ژمارەی نەخۆش لە چوار کەس زیاتر بێت و نەخۆش نابێت لە یەک ھاوەڵ زیاتری لەگەڵدا بێت، دەبێت دەمامک و دەستکێشیان لەبەر بێت و نابێت پزیشک رۆژانە لە ١٥ نەخۆش زیاتر ببینن و دەبێت پزیشک بۆ بینینی نەخۆش پێداویستییەکانی خۆپارێزی (ماسک، دەمامک، گاون) بەکار بھێنێت و ھەر نۆڕینگەیەک پابەند نەبێت، بەھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان دادەخرێت.
لە بارەی کردنەوەی کافێ و چایخانەکان بڕیاری ئەوە دراوە کە کافێ و چایخانەکان لە مۆڵەکان داخراو دەبن و ئەو ھاوڵاتییانەی دەچنە نێو مۆڵەکانیش بۆ بازاڕکردن، دەبێت دەست کێش و دەمامکیان پێ بێت.
بەپێی بڕیارەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، چێشتخانەکان بە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، تەنھا بۆیان ھەیە خواردن بە گەیاندنی(سەفەری-دلیڤەر)ی بفرۆشن.
ئاماژە بەوەشدراوە کە پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل جگە لە رۆژانی ھەینی رۆژانی دیکە کراوە دەبن.
لە مانگی رەمەزانی پیرۆز، سنی سنیانێ و کڵاو کڵاوێن و ھەموو یارییەکانی دیکە و گردبوونەوەیەک بەمەبەستی ئەنجامدانی یاری شەوانی رەمەزان بەھەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە.
بڕیاریشدراوە کە شوێنەکانی فرۆشتنی تورشیات و شەربەت و شوێنەکانی دیکەی ھاوشێوەیان بکرێنەوە بەجۆرێک نابێت رێگەبدەن لەبەردەم شوێنەکانییان قەرەباڵغی و گردبوونەوە دروست ببێت، ھەر شوێنێک قەرەباڵغی لەبەردەمی دروست بێت، شوێنەکەی دادەخرێت.
وەک لە بڕیارەکەدا ھاتووە کە بازاڕی گەورەی ھەولێر لە دوای کاتژمێر ١٢ی شەو بۆ ٦ی بەیانی دادەخرێت.
ھەروەھا دانانی پرسە و رێوڕەسمی ماتەمینی، لە (ھۆڵ، ماڵ، ژێرخێوەت) لە گەڕەک و شوینە گشتییەکان، بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ھەرکەسێک پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، ھەموو ئەو شوێنانەی کە رەزامەندی کارکردنییان پێدراوە و کراوەن، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێ بەجێ بکەن لە بەستنی دەمامک و دەستکێش و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی شارەوانی و قایمقامییەت راسپێردراون، ھەرکەس و لایەک پابەند نەبێت، رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکانیان دادەخرێت.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر دەسەڵاتی داوتە قایمقامەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بڕیارانە و بارودۆخی ناوچەکەیان، بەپێی سنووری جوگرافی شوینەکانی خۆیان بڕیار لەسەر داخستن و کردنەوەی شوێنەکان و ئاسانکاری بۆ ھاوڵاتییان بدەن، بەمەرجێک کۆبوونەوە و بەریەککەوتن دروست نەبێت.