Rewa Mahmood Hasan
22 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2020
سلێمانی - AA
هاتنی وەرزی سەرما و بەفروباران، لەگەڵ ئەوەی بۆ ئاژەڵە کێویی و بەڕەڵاکانی سەر شەقام و دەشت و دەر لەگەڵ خۆیدا سەختی دەهێنێت، بەڵام بۆ هەندێکیان بەهەر هۆکارێک بووبێت، مایەی دڵخۆشیە.
دوای ئەوەی کە شەپۆلێکی بەفروبارانی چڕ، ناوچەکانی چواردەوری سلێمانی گرتۆتەوە، بەفر وردە وردە شاخ و دۆڵەکانی داپۆشی، بەمەش هەندێک ئاژەڵی بەڕەڵا بەتایبەت سەگە بێلانەکان تیاماون لەوەی لە چی کونجێکدا خۆیان گەرم بکەنەوە و خۆراکی رۆژیان دەستبخەن.
بەڵام جیاواز لەم هەموو دیمەنانە، خێزانێکی سەگی بێلانە کە لە قەدپاڵی چیای ئەزمەڕ لە باکووری سلێمانی-دا هەن، لەگەڵ دەستپێکی شەپۆلی بەفربارینی رۆژی رابردوودا، بەخۆشیەوە پێشوازیان لەو بەفربارینە دەکرد.
خێزانی ئەو سەگە لە دایکە و باوکەیەک و پێنج بێچوو پێکهاتبوون، بەدەم بارینی بەفرەوە خۆیان دابووە پاڵ دارستانی قەدپاڵی چیای ئەزمەڕ، لەملا بۆ ئەو لا بەدەم یاریکردنەوە وەک ئەوەی زۆر دڵخۆش بن بە بارینی بەفر، دەڕۆیشتن.
باوکەی سەگەکان، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر کەسێکدا لە بێچووەکان و'دەڵە'کەی خۆی کۆدەکردەوە بۆ هێرشبردن و بەرگریکردن لێیان.
هەندێک جار بێچووەکان هەوڵی نزیکبوونەوەیان دەدا لە زوومی کامێرای ئاژانسی ئانادۆڵو، بەڵام لە پڕێکدا باوکەکەیان دەردەکەوت و هەوڵی دوورخستنەوەی بەچکەکانی دەدا.
بەچکەکانیشیان بەدەم یاریکردن لەگەڵ یەکتریدا خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی بە بارینی بەفرەکە.