Aras Hussein
02 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
دهۆک - AA
لە رێوەڕەسمی ئایینی ئێزدی دا و بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی ئایینی و سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم و بە بەشداری سەدان کەس، تەرمی رابەری رۆحیی ئێزیدیەکان، بابە شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل لە گۆڕستانی مەھدەرا بۆزا لە گوندی بۆزان سەربە ناحیەی ئەلقوش سەربە قەزای شێخان بە خاک سپێردرا.
دوای گەڕاندنەوەی تەرمەکەی لە شاری ھەولێرەوە، لە رێوڕەسمێکی میللی دا لە کومەڵگای مەھەتێ سەربە قەزای شێخان کە کۆمەڵگایەکی ئێزدینشینە لە لایەن خەڵکی ئەو کۆمەڵگایەوە بە بەشداری سەدان ھاووڵاتیی ئێزدی بە ژن و پیاو گەورە و منداڵەوە پێشوازیی لە تەرمی بابەشێخ کرا. دواتر تەرمەکەی گوازرایەوە بو قەزای شێخان و لەوێش کە ماڵەکەی خۆیدا رێوڕەسمی تایبەت بە ئایینی ئێزدی بەرێوەچوو و خانەوادەکەی ماڵئاواییان لە تەرمی بابە شێخ کرد.

دواتر تەرمی بابە شێخ گوازرایەوە بو گوندی بۆزان سەربە ناحیەی ئەلقوش کە گۆڕستانێک بە ناوی (مەھدەرا بۆزا) لەو گوندەیە و ھەموو بابە شێخەکانی ئێزدییەکان لەوێ بەخاک دەسپێڕدرێن، تەرمی بابەشێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل لە مەڕاسیمێکی تایبەت بە ئێزدییەکان و بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی ئایینی و سیاسی و حیزبی لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم و بە بەشداری سەدان کەس، لەو گۆڕستانە بە خاک سپێردرا.
لەبارەی رێوڕەسمەکانی بە خاک سپاردنی رابەری رۆحیی ئێزدییەکان، بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی لالش، لوقمان سلێمان بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند: "بەخاک سپاردنی بابە شێخ چەند رێوڕەسمێکی تایبەت ھەیە بە ئایینی ئێزدییەکان و ئێمە ھەموو ئەو رێوڕەسمانە جێبەجێ دەکەین، ھەر چەند ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەیە بەڵام لەبەر ئەوەی کە بابە شێخ کەسایەتییەکی پیرۆزە لە لای ئێزدییەکان و پێگەیەکی ئێجگار مەزنی ھەیە ئێمە ناتوانین رێگە لە خەڵک بگرین کە بەشداری لە رێوڕەسمی بە خاک سپاردن و پرسەی بابە شێخ دا نەکەن".
لوقمان سلێمان گوتیشی: "لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردن و پرسەی بابە شێخەکانی پێش، ئێستا ئێزدییەکان لە ھەموو شوێنەکانی ناوخۆ و دەروەی ھەرێم لە یەک شوێن کۆدەبوونەوە و پرسە و رێوڕەسمەکانیان ئەنجام دەدا، بەڵام بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەر کەسە و لە ناوچەکەی خۆی پرسە بو کۆچکردنی بابەشێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل دادەنێت".

عیدۆ بابە شێخ، برای بابەشێخ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە داوامان لە ھیچ کەسێک نەکردووە کە بەشداری پرسەی بابە شێخ بکەن بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، و نامانەوێت بەھۆی ئێمەوە خەڵکی تووشی ئەم ڤایرۆسە ببن بەڵام سەماحەتی بابە شێخ لەبەر ئەوەی کەسێکی خوشەویست بووە لە لای ھەموو ئێزدییەکان و ھەواداری ئێجگار زۆری ھەبوو ئێمە نەمانتوانی رێگری لەو ھەوادارانە بگرین کە بەشداری پرسەکەدا نەکەن".
عیدۆ بابە شێخ گوتیشی: "پرسەی بابە شێخەکان حەوت رۆژ دادەنرێت بەڵام ئێمە نامانەوێت قەرەبالخی دروست بکەین، بویە داوامان لە ھەموو ئێزدییەکان کردووە کە ھەرکەسێک جارێک بەشداری پرسەکەی کردووە پێویست ناکات جارێکی دیکە بەشداری بکات و ئێمە ھەوڵدەدەین کە پرسەکە زۆر درێژە نەکێشێت و قەرەبالخی دروست نەکەین بۆ ئەوەی ھیچ کەسێک بەھۆی ئێمەوە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبێت".
لەبارەی کەسایەتی و پێگەی بابەشێخ کەسایەتی دیاری ئێزدییەکان و راوێژکاری سەرۆکی ھەرێم، شێخ شامو قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "بابە شێخ کەسایەتییەکی ئێجگار مەزن و پێگەیەکی زۆر گرنگی ھەبوو لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم و رۆلێکی بەرچاوی ھەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێزدییەکان بەتایبەتیش بابەتی کچ و ژنە رفێنراوەکان، ئەو پەیامێکی مرۆڤ دۆستی زۆر بەھێزی بڵاوکردەوە و پێشوازی لەو کچ و ژنانە کرد کە ئەمەش بووەتە سیمبوڵی ئاشتی و قبوڵکردنی ئەو کچ و ژنانە لە ناو کومەڵگای ئێزدیی دا".
شێخ شامو گوتیشی: "بابە شێخ رۆڵێکی گەورەی ھەبوو لە گەیاندنی دەنگی ئێزدییەکان بە سەرکردە سیاسییەکان لە ناوخۆی ھەرێم و کومەڵگای نێودەوڵەتی لە دەرەوەی ھەرێم بە تایبەتیش لە کەیسی کارەساتی شنگال کە لە ٣ی ئابی٢٠١٤دا لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە سەر ئێزدییەکان ھات، ئەو لەو کەیسەدا دەنگ و رەنگی ھەموو ئێزدییەکان بوو".

لەبارەی شوێنگرەوەی بابە شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل، بریکاری میری ئێزدییەکان جەھوەر عەلی بەگ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای تەواوبوونی پرسەی سەماحەتی بابەشێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل میری ئێزدییەکان، لەگەڵ جڤاتی رۆحانی ئێزدییەکان بریار لەسەر دانانی کەسێک دەدەین بۆ شوێنگرتنەوەی بابە شێخ بە مەرجێک ئەو کەسە لە خێزانی شێخ فەخری ئادیا بێت چونکە یەکێک لە مەرجەکانی بوون بە بابە شێخ ئەوەیە کە دەبێت کەسێک بێت لە سولالەی خێزانی شێخ فەخری ئادیا و لە دەرەوەی ئەو خێزانە کەس بۆی نیە ببێت بە بابە شێخ".
بابە شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل کە رابەری رۆحی و مەرجەعی ئایینی ئێزدییەکانی ھەموو جیھان بوو، ساڵی ١٩٣٣ لە قەزای شێخان لە دایکبووە و لە خێزانێکی ئایینی ئێزدی گەورەبووە کە باوکیشی بابە شێخ بووە و ھەر لە منداڵییەوە لە خوێندنگا ئایینییەکان خوێندوویەتی و لە سولالەی خێزانی شێخ فەخری ئادیایە کە بە پێی بیروباوەڕی ئایینی ئێزدی یەکێک لە مەرجەکانی بوون بە بابە شێخ دەبێت کەسێک بێت لەوخێزانە.
خرتۆ حاجی ئیسماعیل لە ١٩٩٥/٨/٥ بووە بە بابەشێخ و رابەری رۆحی ئێزدییەکان.
بابە شێخ خرتۆ حاجی چەند رۆژێک پێش ئێستا دۆخی تەندروستی تێکچوو و بەم ھۆیەوە لە یەکێک لە نەخوشخانەکانی شاری ھەولێر لەژێر چاودێری چڕدابوو ، دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکەی ئێوارەی رۆژی پێنچ شەممە ٢٠٢٠/١٠/١ کۆچی دوایی کرد و ئەمرۆ ھەینی لە گوندی بۆزان سەربە ناحیەی ئەلقوش سەربە قەزای شێخان بە خاک سپێردرا.