Sarmand Hameed
07 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
- نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ کە بە سەردانێک لە هەرێمی کوردستانە، چەند شوێنێکی کولتووری و مێژوویی لەسەر قەڵای ھەولێر بەسەرکردەوە، هەروەها سەردانی ناو بازاڕی شار و قەیسەری ھەولێر و قاوەخانەی کولتووریی مەچکۆی کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، هەریەک لە پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید و نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا، دلاوەر ئاژگەیی و بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی بوژانەوەی قەڵای هەولێر، نیھاد لەتیف قوجە، لە قەڵای ھەولێر، پێشوازییاننوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ و شاندێکی یاوەری کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دوای ئەوەی جۆزێف بۆرێڵ بەیاوەری بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێم شاندی یاوەری چەند شوێنێکی کولتووری و مێژووییان لە سەر قەڵای ھەولێر بەسەرکردەوە، سەردانی ناو بازاڕی شار و قەیسەری ھەولێر و قاوەخانەی کولتووریی مەچۆکیان کرد.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ سوپاسی پارێزگاری ھەولێر و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم و شاندی یاوەریان کردووە و خۆشحاڵ خۆی بەو ئارامی و ئاسایشی و ئازادییەی لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان بەرقەرارە، نیشاندا و ئەوەشی خستەڕوو کە ئاسایش و ئارامی و ئازادی و خوشگوزەرانیی گەلی کوردستان بۆ یەکێتی ئەورووپا بایەخی تایبەتی ھەیە و پاڵپشتیی یەکێتیی ئەورووپاشی بۆ گەلی کوردستان دووپات کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێف بۆرێڵ دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی کۆبوویەوە.