hemn husain
07 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2016
شەڕی ناوخۆیی سووریا بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنەها هاووڵاتی ئەو وڵاتە و ئەوەش بارودۆخێکی خراپی بۆ ژیان و گوزەرانی ئەو هاووڵاتییانە دروست کرد.
هەندێکیان پێش تێکچوونی بارودۆخی سووریا، خاوەنی پیشە و کارێکی سەربەخۆ و بەناوبانگ بوون و پیشەکەیان گواستووەتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و لەوێ درێژە بە کارەکانییان دەدەن.
غەسان عەبدولفەتاح، تەمەن 45 ساڵ عەرەبی سووری خەڵکی دیمەشق، ئەو پیاوەی بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا، دووکان و ماڵەکەی فرۆشت و کارەکەشی گواستووەتەوە بۆ هەولێر، وەک خۆی دەڵی بنەماڵەی ئەوان زیاتر لە 100 ساڵە کاری دروستکردنی شیرینی دەکەن و بڕیاریشی داوە دوای تەواوبوونی جەنگی سووریا، نەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەبارەت بە چۆنیەتی و مێژووی کارەکەیان ئەو خاوەن پیشەیە گوتی: "من لە دیمەشق لە دایک بووم، بنەماڵەی ئێمە لە ساڵی 1903 خەریکی ئەو کارەیە، خۆم و باوک و باپیرەم درێژەمان بەو کارە داوە، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی سووریا، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2013 هاتووم بۆ کوردستان".
غەسان عەبدولفەتاح ئاماژە بەوە دەکات کە لە سووریا چوار لقی شیرنەمەنییان لە سووریا هەبووە و یەکێک بووە لە شیرینییە بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتە و لەمبارەیەوە گوتی: "کاری ئێمە شیرنەمەنی بووە و لە ناوچەی مەیدان لە دیمەشق چوار لقی شیرینیمان هەبووە کە زۆر بەناوبانگ بوو، دوای ئەوەی کێشە لە سووریا دروست بوو، ئیتر بواری کارکردن لەوێ نەما".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن، ئەو خاوەن پیشەیە ئاماژە بەوە دەکات کە پێیان گوتووە بڕۆ بۆ هەرێمی کوردستان و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دوای هەڵگیرسانی جەنگی سووریا، رۆیشتم بۆ دوبەی و سعوودیە و لەوێ پێیانگوتم بۆ کارکردن بڕۆ بۆ کوردستان و منیش هاتم بۆ ئێرە".
سەبارەت بە جۆرەکانی شیرنەمەنیش، غەسان عەبدولفەتاح گوتی: "چەند جۆرێک شیرینەمەنیمان هەیە وەکو کونافەی بە پەنیر و کونافەی بە گێمەڕ، شیرینی بە پەنیر، مەدلوئە و نابسیە و فەیسەڵییە و بەسبووسە و شیرینی بە گەزۆ و بە فستق و نەبوورە و ئەسابیع و کۆمەڵێک جۆری دیکە کە ژمارەیان 27 جۆرە و لێرە دروستییان دەکەین".
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزیش، خەڵک زیاتر ئارەزووی خواردنی شیرینەمەنی دەکات و لەم مانگەشدا زۆرجار نرخی شتومەک و کاڵا بەرز دەبنەوە بە هۆی زۆر خواست لەسەر بازاڕ بەڵام غەسان عەبدولفەتاح ئاماژە بەوە دەکات کە بەم بۆنەیەوە نرخەکانیان دابەزاندووە و لەمبارەیەوە گوتی: "بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز نرخەکانمان دابەزاندووە، بۆ نموونە پێشتر یەک کیلۆی شیرینی بە 25 هەزار بوو، ئێستا کردوومانەتە 20 هەزار و چەند جۆرێکیش لە شیرینییەکەمان زیاد کردووە".
سەبارەت بە دەستپێکی کارەکەی لە شاری هەولێر و کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم کارەکەی، غەسان عەبدولفەتاح گوتی: "هیچ کۆسپێک لەبەردەم کارەکەم نەبوو، لە هەموو کارەکانیش زۆر هاوکارییان کردم و رێزیان لە خۆم و کارەکەم گرت، بۆیە جگە لەو لقەی ئێستا، لقێکی دیکەشمان کردووەتەوە لە نزیک باغی شار".
ئەو خاوەن پیشەیە ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای تەواوبوونی جەنگی سووریا ، ناگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان و لێرە درێژە بە کارەکانییان دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا غەسان عەبدولفەتاح گوتی: "دوای تەواوبوونی شەڕی سووریا، ناگەڕێمەوە، چونکە هەموو شتێکم لە سووریا فرۆشت وەکو دوکان و خانوو، لێرە کڕیوومەتەوە".
غەسان عەبدولفەتاح خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە هەموو بنەماڵەکەیان هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش وا دەکات کە دوای تەواوبوونی جەنگی سووریا، کەمتر بیر لە گەڕانەوە بکەنەوە و لە کۆتایی قسەکانیشیدا گوتی: "ئێمە تەواوی بنەماڵەکەمان هاتووین بۆ کوردستان و ئەمەش وا دەکات کەمتر هەستی غەریبیمان هەبێت".
سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011، بەڵام ماوەی 2 ساڵ دەبێت شەپۆلێکی ئاوارەبوونی خەڵک لەو وڵاتە دەستی پێ کردووە، جگە لەوەش بەهۆی ئەو بارودۆخەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی و بەپێی ئامارەکانیش تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 هەزار کەس بوونەتە قوربانی و زیاتر لە 5 ملیۆنیش ئاوارەی وڵاتانی دیکە بوونە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی كوردستانیش ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە سووریا هاتوونەتە خاکی عێراق ژمارەیان 246 هەزار پەنابەر دەبێت و لەو رێژەیەش سەدا 97 یان لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.