Salim Xemexan
25 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2017
ھەڵەبجە - AA
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، زیا پترۆس لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "ئێمە بە ئەرکی خۆمان ھەستاوین و مانگانە راپۆرتەکانمان لەسەر پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ بڵاو دەکەینەوە و دەیدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام ئێمە گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی کە بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦ەوە کە یەکەم راپۆرتمان ھەبوو ھەتا مانگی نیسانی ٢٠١٧ و راپۆرتی مانگی ئایاریش کە چەند رۆژێکی تر بڵاوی دەکەینەوە، ٨٠%ی ھۆیەکانی تاوان و بە تایبەتی کوشتن و خۆکوشتن، ھۆیەکەی بوونی چەکە بە دەستی ھاووڵاتییانەوە کە بە بێ رێنمایی بازرگانی پێوە دەکرێت یاخود لە ماڵان دادەنرێت یاخود بەکاردەھێنرێت، لێرەوە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار بە تایبەتی پارێزگاکان چونکە لە پارێزگاکاندا مۆڵەتی ھەڵگرتن و بەکارھێنانی چەک دەدرێت، پێویستە، رێنماییەکانی ھەڵگرتنی چەک زۆر توند بکەن و ئەوەی زۆر پێویستی بە چەک نەبێت مۆڵەتی پێنەدرێت، چونکە دیاردەی چەک ھەڵگرتن لە بازاڕ و شوێنە گشتیەکان و شوێنە مەدەنیەکاندا ئەمڕۆ دیاردەیەکی ناشارستانیە، بۆیە چەک دەدرێتە ھێزە ئەمنیەکان وەکو پۆلیس و ئاسایش ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان، نابێت ھاووڵاتییان خۆیان چەکیان لەدەست بێت چونکە کاتێک بە بارودۆخێکی دەروونی خراپ یان کاردانەوەیەکی تووش دەبێت، پەلاماری چەک دەدات، ئەگەر نیەتی تاوانکاریشی نەبوو بە ھۆی بوونی چەک و ھەڵگرتنی چەک ئەنجامەکەی تاوانە".
گوتەکانی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە میانی سەردانێکیدا ھات بۆ ھەڵەبجە کە وەک خۆی رایگەیاند "بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی مافی مرۆڤ لە ھەڵەبجە و بەسەرکردنەوەی ئیدارەی شارەکە و نووسینگەی خۆمان و بەدواداچوون بۆ رەوشی مافی مرۆڤ لە شارەکە" سەردانیان کردبوو، ھاوکات گوتیشی: "ھاتووین بەشداربین لە ساڵیادی رۆژی جیھانی منداڵانی ونبووی ھەڵەبجەدا کە ٢٩ ساڵە کەسوکاریان چاوەڕێی گێڕانەوەیان دەکەن".
لە بەشێکی تری قسەکانیدا زیا پترۆس گوتی: " بە داخەوە لە کۆی ١٧٩ منداڵی ونبووی کیمیابارانی ھەڵەبجە، دوای ٢٩ ساڵ تا ئێستا تەنھا نۆ منداڵ گەڕێنراوەتەوە ھەڵەبجە و ھەشت منداڵیش چاوەڕێی دیاریکردنی چارەنووسیان دەکەن کە خۆیان وەک ھەڵەبجەیی ناساندووە و دەیانەوێت بە کەسوکاریان شاد ببنەوە، واتە ئێستا ١٦١ منداڵ ماون چارەنووسیان دیاری بکرێت، پێویستە وەزارەتی تەندروستی کاری پێویست بۆ پشکنینی DNA بکات بۆیان و وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان بە ھەماھەنگی کاربکەن، بەپەلە چارەنووسی منداڵە ونبووەکان دیاری بکرێت، چونکە ئێستا ئەو منداڵانە لە حاڵەتێکی دەروونی زۆر خراپدا دەژین، بە تایبەتی کە ئێستا دەزانن منداڵی خێزانەکانین نین، ئێمەش خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لەبەدواداچوونی بەردەوام بۆ کەیسی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە تا دەگەڕێنرێنەوە بۆ خێزانەکانیان".