Zana Natık Kerem
14 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2017
ریاز ــ AA
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی كردەوە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرتی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە كە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا تا ئێستا، ٣١ حاجی كۆچی دواییان كردووە كە سەرجەمیان حاجیانی وڵاتانی ئیسلامیین جگە لە سعوودیە .
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بە هۆكاری كۆچی دوایی ئەو حاجییانە نەداوە.
هاوكات ئاژانسەكە ئاماری رۆژانەی گەیشتنی حاجیانی بۆ سعوودیە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرتی وڵاتەكەی گواستووەتەوە، بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە تا ئێستا، ٦٦١ هەزار حاجی لە رێگەی گەشتی ئاسمانی و هەشت هەزار حاجی دیكە لە رێگەی وشكانی و ٤٨٧ حاجی دیكە لە رێگەی دەریاوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە سعوودیە.
لە ٢٤ی مانگی تەمووزی رابردووە، سعوودیە دەستی بە پێشوازیكردن لەو حاجیانە كردووە كە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، روو لە سعوودیە دەكەن.
لە ٥ی كانوونی دووەمی رابردوودا، سعوودیە رایگەیاندبوو كە لەگەڵ دەستپێكی وەرزەی حەج بۆ ئەمساڵ، ژمارەی حاجیان زیاد دەكات كە ماوەی چوار ساڵ بوو بە هۆی فراوانكردنی حەرەمی مەككە ژمارەی حاجیانی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیكە كەم كردبووەوە.