Rewa Mahmood Hasan
16 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
سلێمانی-AA
لەگەڵ بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆ تا ئێستا زۆربەی هاوڵاتیان پابەند بوون بە بڕیارەکە و سەرجەم دووکان و بازاڕ و دامەزراوە و فەرمانگە حکوومییەکان داخراون، تەنیا چەند پیشەگەرێک نەبێت کە ئەویش بۆ دابین کردنی خۆراک، نان و میوەی پێویستی رۆژانە دووکانەکانیان کردۆتەوە و لەرێگەی دیلیڤەریەوە خۆراکەکان دەگەیەنن بە هاوڵاتیان.
نانەواخانەکان یەکێکن لەو شوێنانەی کە بە درێژای قەدەغەی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی و بە فەرمانی راستەوخۆی قائیمقامی شارەکە، دەبێت کراوەبن، ئەویش بۆ دابین کردنی بڕە نانی پێویستی هاوڵاتیان.
نانەواخانەی کاروان کە بەرەبەیانی زوو کاتژمێر ٢:٠٠ دووکانەکە دەکەنەوە و سەرقاڵی شێلانی هەویر دەبن تاکو بڕی پێویست لە نان بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن، لەگەڵ دەمەو بەیانداو لە کاتژمێر٦:٠٠ نان بۆ ماڵان رەوانە دەکەن.
کاروان محەمەد لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان تەنیا رۆژانە ٦ کاتژمێر پشوو دەدەن، دواتر لە کاتژمێر٢:٠٠ی بەرەبەیان بە دوو شەفت تاکو کاتژمێر ٢٠:٠٠ کار دەکەن.
کاروان دەڵێت،"ئێمە بەفەرمانی بەڕێز قائیمقام دووکانەکەمان کردۆتەوە، نان دروست دەکەین، هەندێک لە دەستگێرەکان دێن بە دیلیڤەری دەیبەن بۆ ماڵان. ئەوانەی لێرەوە نزیکن بە پێ دەگەن و دێن داوای نان دەکەن، بەڵام هەندێکیان تا دەگەنە ئێرە بە ئۆتۆمبێل تووشی لێپێچینەوە دەبن."
وەستا کاروان کە بەدەم گۆرانی گوتنەوە نانەکەی لە تەنوورەکە دەهێنایە دەر، ئاماژەی بەوەدا کە سەرجەم رێکارە تەندروستیەکانیان رەچاو کردووە و لەبری ئەوەی لەماڵ بمێنەوە خزمەت کردنیان بە هاووڵاتیان هەڵبژاردووە و گوتی،" هەرچەندە لێرە زۆر کار دەکەین بەڵام دڵخۆشین کە بتوانین لەم قەیرانەدا خزمەت بە خەڵک بکەین بەپیشەیەک کە کاری خۆمانە.هیوادارم زوو ئەم بەڵایە لە کۆڵ خەک ببێتەوە و ژیان ئاسایی ببێتەوە."
ئیسماعیل ئیبراهیم یەکێک بوو لەوانەی کا هاتبووە سەرەی نان، ئەو کە خێزاندار بوو، خاوەنی سێ منداڵ بوو داوای ٨ نانی کرد و بەدەم سارد کردنەوەی نانەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو گوتی،" بە حاڵێکی زۆر ئەستەم توانیم بگەمە ئێرە، لێپێجینەوەی زۆر دەکرا، بەڵام پێم خۆشە، چونکە بۆ پاراستنی گیانی ئێمەیە لەو نەخۆشیەی بەرۆکی گرتووین. ئیشەڵا زوو رزگارمان دەبێت لێیی."