Dilşad Seyfeddin Ahmet
27 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2016
دایكی منداڵەكان ئافرەتێكی تەمەن 28 ساڵانی توركمانی ناوچەی قەرەتەپەیە بە ناوی ئیستەبرەق حەسەن و سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەكی شاری كەلار بەسكێك ئەو شەش منداڵەی بووە كە سێیانیان كوڕن و سێ منداڵەكەی تریان كچن.
بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی منداڵەكانەوە لە كەلارەوە رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی كراون و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشكدان و خراونەتە ژێر ئۆكسجینەوە، دایكی منداڵەكانیش تەندروستی جێگیرە.
هاوسەری ئەو ژنە و باوكی منداڵەكان عیماد ئەمیر لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر دوو منداڵمان هەبوو، ئەمڕۆش خوای گەورە شەش منداڵی تری پێبەخشین و بوون بە هەشت منداڵ، ئێمە زۆر دڵخۆش بووین بەوە و سوپاسی خودا دەكەین لەسەری".
ئەو باس لەوە دەكات پێشتر لە نێو كەسوكاری ئەواندا لەدایكبوونی دووانە و سێیانە هەبووە پێكەوە، بەڵام ئەوە یەكەمجارە بە سكێك شەش منداڵیان ببێت.
عیماد ئاماژەی كرد بەوەی تەندروستی خێزانەكەیی و منداڵەكان جێگیرن و لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكەش لەلایەن كەسوكاریانەوە بەردەوام پەیوەندییان پێوە دەكرێت بۆ پیرۆزبایی و هەواڵپرسینیان.
باوكی منداڵەكان لە قەرەتەپە لە كافتریایەك رۆژانە كار دەكات و لە بارەی بژێوی منداڵەكانەوە گوتی: "خودای گەورە ئەو منداڵانەی پێبەخشیوین و پشتمان بەو بەستووە و هەرخۆشی رزقی ئەوەمان دەدات كە بەخێویان بكەین".
لەلای خۆیەوە پزیشكی نیشتەجێی دێرینی منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی محەمەد جەزا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "منداڵەكان پێنج دانەیان دۆخیان جێگیرە و كێشی هەریەكەیان یەك كیلۆ و 250 غرامە و تەمەنیان هەشت مانگانە، دۆخی تەندروستی ئەوی دیكەشیان جێگیر نییە و لەوانی تر بچوكترە و رەنگە لەكاتی لەدایكبونیدا ئازاری پێگەشتبێت و لە ژێر چاودێریدایە".
ئەو رووداوە یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێت، دوای ئەوەی رۆژی 18ی ئەم مانگە لە نەخۆشخانەی لەدایكبوونی شاری هەولێر ئافرەتێك بە یەك سك پێنج منداڵی بوو.