Sarmand Hameed
08 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب رەخنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سعوودیە و وڵاتانی ئیسلامی گرت.
گوتاربێژی مزگەوتی حاجی جەمال لە شاری هەولێر، سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب لە میانی گوتاری هەینی وێڕای ئاماژەکردن بەو نەهامەتیانەی بەسەر موسڵمانانی ئاراکان لە وڵاتی بۆرما داهاتووە، نزای بۆ موسڵمانانی جیهان و ستەملێکراوانی ئەو وڵاتە کرد.
گوتاربێژی مزگەوتی حاجی جەمال، سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب لە گوتارەیەدا ئاماژەی بەوە کرد کە وشەی ئاراکان لە وشەی ئەرکانی ئیسلامەوە هاتووە، لە سەردەمی حومکڕانی خەلیفەی عەباسی، هارون رەشید ئاینی ئیسلام گەیشتووەتە ئەو ناوچەیە، دواتر لەسەر دەستی سلێمان پاشا وڵاتێکی ئیسلام لەوێ دامەزرا، ئاراکان خاوەن زەوییەکی کشتوکاڵی و کەشوهەوایەکی دڵڕفێنە، لەو کاتەدا لەلایەن موسلمانە عەرەبەکان کە رۆشنکەرەوەی وجاخی پێغەمبەر و خەلیفەی راشدییەکان بوون پشتگیری ئەو وڵاتە ئیسلامییە کرا، نەک ئەوانەی ئێستا کە رۆشنکەرەوەی وجاخی ئەبوجەهل و ئەبولەهەب و تێکدەر و کوژێنەرەوەی وجاخی پێغەمبەری ئیسلام و شوێنکەوتوانییەتی".
سەید ئەحمەد گوتیشی: "دواتر لەسەردەمی ئیمپراتوریەتی بەریتانیا کە دەیانگوت رۆژی لێ ئاوانابێت ئەو ناوچانانەی داگیر کرد و لە ساڵی ١٩٤٨ حوکمێکی مەدەنی دەست بەکاربوو، دواتر حکوومەتێکی سەربازی دەسەڵاتیان گرتە دەست".
گوتاربێژی مزگەوتی حاجی جەمال ئاماژەی بەوە کرد کە دانیشتوانی میانمار نزیکەی ٥١ ملیۆن کەس دەبێت و لەو ژمارەیەش کەمینەیەکیان موسڵمانن.
ناوبراو گوتیشی: "پێشتر ئاراکان وڵاتێکی سەربەخۆ بووە و دواتر لەلایەن میانمارە داگیر کراوە دواتر بەهۆی موسڵمان بوونیانەوە رووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بوونەوە.
گوتیشی ئەو تاوانانەی ئێستا دەرهەق بە موسڵمانانی ئاراکان ئەنجام دەدرێت درێژەپێدەری ئەو تاوانانەیە کە لە رابردوودا دەرهەقیان ئەنجام دراوە".
سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب لەمیانی گوتارەکەیدا ئەوەی وەبیری نوێژخوێنان هێنایەوە کە موسڵمانانی ئاراکان مافی هاووڵاتیبوون و رەگەزنامەیان نییە و ناتوانن هاوسەگیری ئەنجام بدەن و ببنە خاونی هیچ موڵکیێک لە وڵاتەکەیان چونکە دەسەڵاتدارانی میانمار بە داگیرکەر و بێگانەیان دەزانن لەکاتێکدا ئاراکان لەلایەن میانمارەوە داگیر کراوە.
ئەو مامۆستا ئایینە رەخنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت بەوەی بێ دەنگ و بێ هەڵوێستە لەبەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی ئاراکان و خەڵاتی نوبڵی ئاستی بەخشیووە بە سەرۆکوەزیرانی میانمار کە ئێستا ئەو کۆمەڵکوژییە لە وڵاتەکەی ئەنجام دەدرێت و بەبیانووی ناسەقامگیری ئەمنی سەرجەم رێکخراوە مرۆییەکان و دەزگاکانی لەو وڵاتە پاشکەشە پێ کرد و داوی لێکردن ئەو وڵاتە جێبهێلن بۆ ئەوەی کەس بەهانای ئەو لێقەوماوانەوە نەچێت.
سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب گوتیشی وەک میللەتی کورد بەهۆی ئەو تاوانانەی پێشتر دەرهەق بە کورد ئەنجامدراون لە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کوشتن و قڕ کردن باش لەو تاوانانە دەگەین کە لە ئاراکان روودەدات.
گوتاربێژی مزگەوتی حاجی جەمال گوتیشی هەر بۆیە هەر موسڵمانێک لە سووریا ئازاری پێ بگات یان لە میسر و رابیعەی عەدەوی لە لایەن جەنەڕاڵەکانی ئەو وڵاتەوە ئازار بدرێت دەبێت ئێمە هەست بە ئازارەکانیان بکەین، هەر موسڵمانێک لە فەللوجە بەدەست میلیشیای تاییفی، لە لوبنان لە یەمەن بکوژرێت دەبێت کورد هەست بە ئازارەکانیان بکات.
ناوبراو جەختی لە رێزگرتن لە مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد لە هەر شوێنێک مرۆڤێک رووبەڕووی ئەشکەنجە ببێتەوە دەبێ ئێمە بڵێین نەخێر جا بەر هەر هۆیەکەوە ئازار بدرێت، و دەبت بەرگریکاری کاری مرۆڤ بین وەک مرۆڤ نەک بەهۆی جیاوازی ئایینیەوە بێ دەنگ بین بەرامبەر بەو تاوانانەی بەرامبەر بە مرۆڤەکان ئەنجام دەدرێت.
ئەو مامۆستا ئایینە رەخنەی لە وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت سعوودیە گرت لەوەی بێ دنگە لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی ئاراکان و لە رۆژنامەکانی ئەو وڵاتەدا موسڵمانەکانی ئاراکان بە تیرۆریست ناوزەند کراون.
گوتاربێژی مزگەوتی حاجی جەمال، سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب ستایشی ئەو وڵاتانەی کرد کە هەڵوێستیان هەبووە لەبەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی ئاراکان، لەوانە ستایشی وڵاتی تورکیا و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و وڵاتانی مالیزیا و ئیندۆنیزیای کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کەعبەی پیرۆز لەم وڵاتانە نییە و هیچیشیان عەرەب نیین".
لەبەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لەو نەهامەتیانە کرد کە بەسەر کۆی موسڵماندا هاتووە و باسی لەو کۆڵبەرە کوردانە کرد لە لایەن ئێرانەوە کوژران لەکاتێکدا ئەوانە کار دەکەن بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیانیان.
لەبارەی یەکهەڵوێست نەبوون لەسەر نەگۆڕەکانی میللەتی کورد ئەو مامۆستا ئایینیە رەخنەی لە حزبە کوردییەکان گرت بەوەی یەک هەڵوێست نیین لەسەر پرسی ریفراندۆم و هەمیشە هەوڵ دەدەن لەدژی یەکتر هەنگاو بنێنین هەر ئەمەش وایکردوو کە کورد نەگات بە ئاواتەکانی خۆی.
گوتاربێژی مزگەوتی حاجی جەمال، سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب باسی لەو نەهامەتیانە کرد کە پێشتر بەسەر کورد دا هات بەڵام ئەوکات ئامرازێک نەبوو بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان، بەڵام ئێستا لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا دەنگی ستەملێکراوی موسڵمانان بە جیهان دەگات.
لە کۆتاییدا گوتاربێژی مزگەوتی جاجی جەمال، سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب نزای بۆ موسڵمانی جیهان و ستەملێکراوانی ئاراکان کرد.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، گوتاربێژی مزگەوتی حاجی جەمال، سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب وێڕای ئاماژەدان بە نەهامەتی موسڵمانانی ئاراکان، ستایشی حکوومەتی تورکیا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە خانمی یەکەمی تورکیا، ئەمینە ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵۆ هاوکارییان گەیاندووەتەوە لێقەوماوانی ئاراکان و رەخنەی لە سعوودیە و ئێران گرت بەبێ هەڵوێست ناوی بردن لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی دژ بە موسڵمانانی ئاراکن ئەنجام دەدرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد ئەوەی دژ بە موسڵمانانی ئاراکان دەکرێت جینۆسایدی موسڵمانانە.