Erkan Avci
05 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2016
رەوەندی توركی لە ئەمریكا، لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنەی ئەرمەنییەكان سەبارەت بە رووداوەكانی ساڵی ١٩١٥ لەسەر توركیا بەڕێوەی دەبەن، ئەمساڵیش لە ساڵیادی ئەو رووداوانەدا كە وەك ٢٤ی نیسان ناسێنراوە، لە واشنتۆنی پایتەخت، رێپێوانی ''ئاشتی و پشتیوانی'' سازدەكەن كە ١٠ هەزار كەس بەشداریی تێدا دەكات.
توركانی دانیشتوی ئەمریكا بڕیاریان داوە ئەمساڵ بەشێوەیەكی بەهێزتر ئیدانەی ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنە بكەن، كە لەلایەن ئەرمەنییەكانەوە لەدژی وڵاتەكەیان بەڕێوەدەبرێت.
كۆمیتەی ئاراستەكردنی نیشتمانیی تورك- ئەمریكی، ساڵی رابردوو توانی حەوت هەزار كەس بۆ ئەو رێپێوانە كۆبكاتەوە كە لەبەردەم كۆشكی سپی دەستی پێكرد و لە باڵیۆزخانەی توركیا لە واشنتۆن كۆتایی پێهێنا، ئەمساڵ دەیەوێت بەهاوكاری رەوەندی تورك و مسوڵمانانی دانیشتووی ئەمریكا ئەو ژمارەیە بۆ ١٠ هەزار كەس بەرزبكاتەوە.
یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمیتەكە بەناوی ئیبراهیم ئویار، لە لێدوانێكدا سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی ئەمساڵی رێپێوانەكە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە رێپێوانەكەی ئەمساڵ فراوانتر دەبێت و زیاتر لەشێوەی رێورەسمێكدا بەڕێوەدەچێت.
ئویار گوتی: ''لەبەرامبەر هەڵمەتی ناوزڕاندنی ئەرمەنییەكاندا، ئەمساڵیش رۆژی ٢٤ی نیسان لەبەردەم كۆشكی سپی كۆدەبینەوە. ساڵی رابردوو، بەبەشداریی هەریەك لە توركانی دانیشتووی ئەمریكا، میسرییەكان، سۆماڵییەكان، ئازەرییەكان و گرووپە مسوڵمانەكانی دیكە، رێپێوانێكی گەورەمان ساز كرد. ئامانجمان ئەوەیە ئەمساڵ ١٠ هەزار كەس كۆبكەینەوە و تاوەكو باڵیۆزخانەی توركیا لە واشنتۆن رێپێوانێك سازبكەین''.