Sarmand Hameed
22 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش/ھەولێر رایگەیاند، لە سێ چالاکی جیاوازدا، ١٠ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە و دەستیشیان گرتووە بەسەر بڕی زیاتر لە ٢٣ کیلۆ گرام ماددەی ھۆشبەر و ٣٧ ھەزار شیت دەرمانی پزیشکی ھۆشبەر.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بەردەوامیی ھەوڵەکانیان بۆ بنبڕکردن و نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان، ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە شاری ھەولێر لەلایەن ژمارەیەک لە ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە گرووپێکی حەوت کەسی کە بازرگانی گەورەیان تیادایە دەستگیرکران و دەستگیراوە بەسەر بڕێکی زۆری ماددەی ھۆشبەر لە جۆرەکانی (چوار کیلۆگرام و ٥٣٥ گرام لە کریستاڵ، سی کیلۆگرام و ٥٠٠ گرام لە ھیرۆیین، دوو کیلۆگرام و ٧٠٠ گرام حەشیس، یەک کیلۆگرام و ٧٩٠ گرام جامایکا و ٣٧ ھەزار و ٧٧٢ شیت حەبی ھۆشبەر لە جۆرەکانی ترامادۆڵ، سۆمادریل، میتادۆن).
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە چالاکییەکی دیکەدا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بڕی شەش کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەریان لە جۆری ھیرۆیین لەنێو جەگی ئۆتۆمبێلێکی گەورە شاردبووەوە.
ئەوەش ھاتووە کە لەھەمان رۆژدا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر توانراوە دەستبگیرێت بەسەر بڕی پێنج کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری تلیاک کە لەناو رایەخ و چەند بلاجکتۆرێکدا شاردرابوونەوە و ویستراوە لە رێگەی کۆمپانیایەکی گواستنەوە رەوانەی بەریتانیا بکرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە تۆمەتبارەکان لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بەپێی ماددەی ۲٥ لە یاسای ژمارەی (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.