Hemin Hüseyin
15 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2017
هەولێر-AA
دووەمین پێشانگای خۆماڵی لەسەر ئاستی عێراق لە پێشانگای هەولێری نێودەوڵەتی کرایەوە کە تێیدا ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان و وەزارەتەکانی بازرگانی و پێشەسازی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پیشەسازی عێراقی بەشداربوون.
هەریەک لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەرباز کۆسرەت و پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگایەکە بوون.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە هانی ئەندامەکانی خۆیانیان داوە بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە کاڵا و بەرووبوومی خۆماڵی بدەن و پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستن.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە دووەمجارە پێشانگای ناوخۆیی دەکرێتەوە کە جێگای دڵخۆشییە ئەمساڵ ١٥٠ کۆمپانیای ناوخۆیی بەشدارییان تێیدا کردووە و هیوادارین کە ئەم بەرهەمانە زیاد بکەن و ئێمەش هانی ئەندامەکانمان داوە کە نمایشی بەرهەمە خۆماڵیەکانی خۆیان بکەن و بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بە بەرهەمی خۆماڵی بدەین و بتوانین پشت بە کاڵا ناوخۆییەکان ببەستین".
کۆمپانیاکان بریتیی بوون لە کۆمپانیاکانی بوارەکانی خواردمەنی و کشتوکاڵ و بیناسازی و بوارە جیاجیاکانی دیکە و جگە لەمەش هەریەک لە وەزارەتی پیشەسازی عێراقی و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاڵاکانییان نمایش کردبوو.
لە هۆڵی پێشانگاکەدا، جیاواز لە پێشانگاکانی پێشووتر، خەڵکێکی زۆر دەبینرا کە بەشداری رێوڕەسمەکەیان دەکرد و رێژەی بەشداربووان زیاتر بوو بە بەراورد بە پێشووتر، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە بەشداربووان هاتوون بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بتوانن کەلوپەل و کاڵا هەناردەی دەرەوە بکەن و لەمبارەیەوە، شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان گوتی: "لێرەدا ئەو ژمارە زۆرەی کۆمپانیاکان دەبینین کە بەرهەمی خۆماڵی خۆمان نمایش دەکەن و خەڵکێک هاتووە کە کەڵکی لێ وەربگرێت و دەیانەوێت کارخانەی دیکەی هاوشێوە بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بتوانین کاڵاکانییان هەناردەی دەرەوە بکەن".