Heman Husseın Yaseen
01 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
لە یەکەم ١٢ کاتژمێری ساڵی نوێدا، ٢٥ منداڵ لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی شاری هەولێر لەدایکبوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندن لە نەخۆشخانەی ئافرەتان لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر، شوان تەحسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە کاتژمێر ٠٠:٠١ تا کاتژمێر ١٢:٠٠ی یەکی کانوونی دووەمی ٢٠١٠، ٢٥ منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان لەدایکبوون".
شوان تەحسین لەبارەی رەگەزی منداڵەکان گوتی: "لەو ٢٥ منداڵە، ١٥یان لە رەگەزی مێ و ١٠یان لە رەگەزی نێرن".
بەڕێوەبەری راگەیاندن لە نەخۆشخانەی ئافرەتان لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر سەبارەت بە داواکاری هەندێک دایک و باوک بۆ گۆرینی وادەی لەدایکبوونی منداڵەکانیان بۆ رۆژی ١/١/٢٠٢٠ گوتی: "هەندێک کەس هەیە داوکاری هەیە کە وادەی لەدایکبوونی منداڵەکەی دەستکاریی بکرێت بۆ بەروارێکی دیکە، بەڵام لە نەخۆشخانەی حکوومی بە هیچ شێوەیەک ئەم داواکارییە جێبەجێ ناکرێت و نەخۆشخانەی حکوومی ناتوانێت وادەی لەدایکبوون دەستکاری بکات".
شوان تەحسین راشیدەگەیەنێت کە جگە لە خەڵکی شاری هەولێر، ئاوارە و پەنابەر و هەندێکجار گەشتیارانیش سەردانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی دەکەن و لە هەموو خزمەتگوزارییەکان سوودمەند دەبن.