Hemin Hüseyin
10 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2017
هەولێر-AA
کۆگایەکی هەڵگرتنی کەلوپەلی جۆراوجۆر ئاگری گرت و شایەدحاڵانی رووداوەکەش هۆکارەکە دەگەڕێننەوە بۆ چەتاڵکردنی تەزووی کارەبا لەسەر دیواری کۆگاکە.
کۆگاکە فراوانە و زەوییەکەی دابەشکراوە بۆ چەندین کۆگایەکی جۆراوجۆر و خاوەنی یەکێک لە کۆگاکان، هیوا محەمەد، کە نزیکەی ٢٥٠ موبەریدە لە کۆگاکەی هەبووە و سەرجەمیان سووتاون، ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەرەتای دروستبوونی ئاگرەکە پەیوەندی بە تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە کردووە بەڵام ئەوان دوای نزیکەی ٤٥ خولەک تەنیا یەک ئۆتۆمبێل گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و بەم هۆیەوە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و گواستراوەتەوە بۆ کۆگاکانی دیکە.
هیوا محەمەد گوتیشی: "کۆمەڵێک وایەری کارەبا بەناو پووشی موبەریدە و کارتۆنی دیکەدا هاتووە و ئەو وایەرەش چەند وایەرێکی دیکەی لێ چەتاڵ کراوە و هەر ئەوەش هۆکارەکەبووە".
نزیکەی ٨ کۆگای جۆراوجۆر سووتاون کە کەلوپەلەکانی وەک بەتانی، موبەریدە، پاککەرەوە و کەلوپەلی کارەبایی تێدابوو، هەندێک جاریش دەنگی تەقینەوەی ئامێرەکان دەبیسترا.
بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی هەولێر، عەمید شوان عەبدولقادر تەنیا بەیەک وشە وەڵامی رۆژنامەوانانی دایەوە و گوتی: "وا دەیبینن خەریکی کۆنتڕۆڵکردنین و هیچ زیانێکی گیانی لەو رووداوە نەبووە و هێشتا هۆکارەکەش دیارنیە".
هەرچەندە تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە لە سێ گۆشەوە خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەبوون بەڵام بەهۆی گڕی بەهێزی ئاگرەکە سەرجەم کەلوپەلی ئەو شوێنانە سووتان کە ئاگریان تێبەرببوو.