Ramal Abdullah Mahmood
13 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2017
ئەمساڵ ١٦هەمین فێستیڤاڵی میوزیکی مەوازین بە بەشداری هونەرمەندانی زیاتر لە ٤٠ وڵات لە رەبات-ی پایتەختی مەغریب دەستی پێکرد.
فێستیڤاڵەکە بە کۆنسێرتی هونەرمەندی ئینگلیزی بە رەچەڵەک ئازەربایجانی، سامی یوسف لە گۆڕەپانی نەهزە دەستی پێکرد. جگە لە میوزیکی عەرەبی ئەفریقی میوانداری ژمارەیەکی زۆر شێوازی میوزیکی دیکەش دەکرێت.
لە شەوی یەکەمی فێستیڤاڵەکەدا جگە لە ژەنیاری فەڕەنسی چارلێس ئەزناڤوار و گۆرانیبێژی ئینگلیز ئەیللی گۆولدینگ ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندی ناوخۆیی کۆنسێرتیان ئەنجام دا.
فێستیڤاڵەکە بە ئەنجامدانی کۆنسێرت لە سەر چەند تەختێکی شانۆ لە چەند شوێنی جیاوازەوە بە ئامادەبوونی هەزاران کەس دەستی پێکرد. ئەم فێستیڤاڵە بە یەکێک لە فێستیڤاڵە هەرە گرنگەکان دادەنرێت لە کیشوەری ئەفریقا. لە میانی فێستیڤاڵەکەدا بەرنامە بۆ ئەوە دانراوە ئەمساڵ بە بەشداری نزیکەی هەزار هونەرمەند لە سەر شەقامەکان کۆنسێرت ئەنجام بدرێت.
لە میانی فێستیڤاڵەکەدا لە شەش تەختی شانۆوە چەندین هونەرمەندی ناوخۆیی و جیهانی لە نێویاندا، هونەرمەندی بەناوبانگی ئینگلیز رۆد ستوارت، لە گانا پات تۆماس، لە ئیسپانیا رافایل ئامارگۆ، لە ئەمریکا لیز خەلیفە، لاورین هیل و دەمی لۆڤاتۆ، گۆرانیبێژی فەڕەنسی بە رەچەڵەک سەنیگالی بووبا، لە لوبنان فارس کەرەم، نەوال زوغبی، نەجوە کەرەم، لە سووریا جۆرج وەسوف، لە میسر تامر حوسنی، لە عێراق محەمەد سەلام، لە تونس لوتفی بۆشناک، لە هیندستان ئانۆوشکا شانکەر، لە یۆنان ئەلەفتیریا ئارڤانیتاکی و لە پێرو سوسانا باجا کۆنسێرت ئەنجام دەدەن.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی میوزیکی مەوازین لەلایەن کۆمەڵەی رۆشنبیری مەغریبەوە رێکخراوە و تاکو ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.